له‌ هه‌ڵبژاردنی عێراقدا ئه‌مریكا پاڵپشتی هیچ لایه‌نێك ناكات

باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق: پاڵپشتی حكومه‌تێك ده‌كه‌ین تائیفی نه‌بێت

K24 - هه‌ولێر:

دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق رایگه‌یاند: "له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا كه‌ بڕیاره‌ 12/5/2018 به‌رێوه‌ بچێت، ئه‌مریكا پاڵپشتی هیچ لایه‌نێك یان پارتێكی سیاسی ناكات".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 27/3/2018 له‌ میانی قسه‌كردنیدا بۆ ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌وان سیلیمان گووتی: "ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا پاڵپشتی هیچ هێز و لایه‌نێك ناكات له‌ هه‌ڵبژاردندا، به‌ڵام پاڵپشتی حكومه‌تێكی میانڕه‌و ده‌كه‌ین كه‌ تائیفی نه‌بێت و خزمه‌تی هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق بكات".

باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش ئاگاداریان كردوون كه‌ هێزه‌كانی عێراق پلانێكی باشیان بۆ پاراستنی بنكه‌كان و خه‌ڵك له‌ رۆژی هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌، ئێمه‌ به‌شداریی له‌و پلانه‌شدا ناكه‌ین چونكه‌ هێزه‌كانی عێراق خۆیان ده‌توانن ئه‌و ئه‌ركه‌ به‌ڕێوه‌ ببه‌ن".

هه‌روه‌ها له‌باره‌ی ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی له‌سه‌ر ساخته‌كاری و یاریكردن به‌ ده‌ره‌نجامه‌كان و پرۆسه‌ی ده‌نگدان له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك لایه‌ن و كه‌سایه‌تی سیاسی عێراقی به‌تایبه‌تی سوننه‌كان ده‌خرێنه‌ روو، سیلیمان گوتوویه‌تی: "زۆر ئه‌سته‌مه‌ بتوانرێت ساخته‌كاری بكرێت و یاری به‌ ده‌ره‌نجامه‌كان بكرێت، چونكه‌ ئه‌و سیستمه‌ تازه‌یه‌ی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا په‌یڕه‌و ده‌كرێت، زۆر به‌رز و ورده‌ و رێگه‌ به‌ هیچ پرۆسه‌یه‌كی ساخته‌كاری و یاریكردن به‌ ده‌ره‌نجامه‌كان نادات".