پارتی: ھەندێك لایەن لەگەڵ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەكانی كوردستان نین

"گفتوگۆ لەبارەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەكان بەردەوامە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، ھەندێك لایەنی سیاسی دژی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان بوون لە مانگی نیسانی ئەمساڵ. ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، لە داھاتوودا حکوومەتی هەرێمی کوردستان رۆژێك بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان دیاردەکات.

مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24 راگەیاند: "پارتی لەگەڵ ئەوەبوو مانگی نیسانی ئەمساڵ هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام هەندێك لایەن دژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە مانگی نیسانی ئەمساڵ بوون".

گوتیشی: "بۆ دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ لەنێوان بەشێك لەلایەنەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە".

ئاماژەی بەوەشدا: "لەماوەی داهاتوودا حکوومەتی هەرێمی کوردستان رۆژێك بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دیاریدەکات".

پێشتر پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشنیازی ئەوەی كردبوو كە پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ھەڵبژاردنەكانی كوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام دوای چەندین كۆبوونەوە، لایەنەكانی دیكە قایل نەبوون بە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەكانیان لە مانگی نیسانی ئەمساڵ.

ھ.م