"چه‌ند لایه‌نێك له خورماتوو و كه‌ركووك خه‌ریكی دزینی نه‌وتن"
K24 - هه‌ولێر:
حاكم زاملی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دانی به‌وه‌دا ناوه كه چه‌ند لایه‌نێك له ناوچه‌كانی خورماتوو و باشووری كه‌ركووك خه‌ریكی دزینی نه‌وتن و ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌یش له‌سه‌ر حكومه‌تی عێراق ئه‌ژمار ده‌كرێن.
ئه‌مرۆ شه‌ممه 31/3/2018 زاملی له شارۆچكه‌ی خورماتوو كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی ئه‌نجامداو گووتی: "دزینی نه‌وت له ده‌وروبه‌ری خورماتوو و باشووری كه‌ركووك به‌رده‌وامه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد:" ئه‌و لایه‌نانه‌ی به‌و كارانه هه‌ڵده‌ستن، ئه‌وانه‌ن له بارودۆخی نوێی ناوچه‌كه سوودمه‌ند بوون و له‌سه‌ر حكومه‌تی عێراق ئه‌ژمار ده‌كرێن".
سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، زۆربه‌ی قسه‌كانی تایبه‌ت بوو به‌و بارودۆخه ئه‌منییه‌ی له‌و ناوچانه‌دا هه‌ن و باسی له ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی هێزه‌كانی عیراق كردوو و گووتی: "له هه‌ڵمه‌ته سه‌ربازییه‌كه‌دا حه‌شدی شه‌عبی و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا و پۆلیسی فیدراڵی به‌شدارن، به‌ڵام سه‌رنجی زۆرمان له‌سه‌ر جووڵه‌ی چه‌كداره توندڕه‌وه‌كان له‌و ناوچانه‌دا هه‌یه و پێویسته رێگه له گه‌ڕانه‌وه‌ی تیرۆریستان بگیرێت".
دوای رووداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر و تێكچوونی ره‌وشی ئه‌منی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان و كشاندنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه له به‌رژه‌وه‌ندی حه‌شد و سوپا له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی حزبێكی كوردییه‌وه، زه‌مینه بۆ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش له‌و ناوچانه درووستبووه‌و و جارێكی دیكه بوونه‌ته‌وه هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌ی.
له ناوڕ‌استی ئه‌م مانگه‌شدا، چه‌كدارانی داعش وێنه‌ی 8 ئه‌ندامی هێزه‌كانی عێراقیان بڵاوكرده‌وه كه 6 له‌وان ئه‌ندامی پۆلیسی فیدراڵی و دوو كه‌سیشیان چه‌كداری سه‌رایای سه‌لام بوون و هه‌ر 8 كه‌سه‌كه‌یان كووشت. پاش ئه‌وه‌ی له بازگه‌یه‌كی وه‌همی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعشدا له‌سه‌ر رێگای كه‌ركووك - به‌غدا، له كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناوچه‌كانیان و به‌سه‌ربردنی پشووی پاش ده‌وام ده‌ستگیركرابوون.