لەسەر عەفرین ھێرشی توند دەكرێتە سەر ئیبراھیم تاتڵیساس

"ئەو کەسە رەزیلانە و ئەوانەی ئەوانیان بردووە بە چ روویەکە وادەکەن؟"

 K24 - ھەولێر

دەرکەوتنی ژمارەیەك هونەرمەند و کەسایەتی ناسراوی توركیا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكکۆماری تورکیا لە نزیك عەفرین، نیگەرانی زۆری لە توركیا بە دوای خۆیداھێنا، كە یەكێك لەو ھونەرمەندانە ئیبراھیم تاتڵیساس بوو. لەوبارەوە سەرۆکی گشتی جەهەپە کەمال کلچدار ئۆغلوو، یاوەریکردنی هونەرمەندانی بۆ ئەردۆغان بە رەزالەت ناوبرد و بەکارێکی دوور لە ئاکاری کۆمەڵایەتی وەسفیکرد، هاوکات هاوسەرۆکی هەدەپە پەروین بوڵدان، ئەو هونەرمەندانەی بە کەسانی ناڕەسەن زانی و لە وەڵامی ئیبراهیم تاتلیساسدا گوتی "منبج و عەفرین شاری کوردانە وەك شاری ئامەد".

جەهەپە کە لایەنگری داگیرکردنی عەفرین بوو دەرکەوتنی ئەردۆغان و هونەرمەندەکانی بە بێڕێزی ناوبرد.

کەمال کلچدار ئۆغڵو،  سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری (جەھەپە) رایگەیاند: "هونەرمەندانی وڵات نابێ لایەنگری دیکتاتۆرەکان بکەن، هونەرمەندان دەبێ لەگەڵ ستەملێکراوان بن، لە عەفرین سوپای تورکیا 52 کوژراوی هەیە، ئەوانە شەهیدی ئێمەن، باشە بە دەهۆڵ و زوڕنا و کلارنێت رێزیان لێدەگرن؟ هەر لە ماڵی خۆتان گەر دراوسێکەتان شینی هەبێ ئێوە موزیك دەژەنن؟ دەپرسم ئەو کەسە رەزیلانە و ئەوانەی ئەوانیان بردووە بە چ روویەکە وادەکەن؟".

هەدەپە کە وەك تاکە پارتی دژ بە جەنگ لە تورکیا دەرکەوت لە زاری هاوسەرۆکی پارتەکەوە رەخنەی توندی ئاراستەی ئەو کارە کرد.

پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) دەڵێت: "هیچ هونەرمەندێکی راستەقینە نابێ لەگەڵ جەنگ و کوشتار بێ، ئێمە هونەرمەندە راستەقینەکان دەناسین دەزانین ئەم وڵاتە خاوەنی ئەحمەد کایا و ئەحمەد عارف و یەڵماز گۆنایە، ئەوان خزمەتی ئەم وڵاتەیان کردووە نەك ئەوانەی بۆ کەشخەیی گۆرانی بۆ داگیرکردن دەڵێن و داوا دەکەن منبج داگیر بکرێت. لێرەوە پییان دەڵێم عەفرین شاری کوردانە و منبجیش شاری کوردانە، هەر وەك چۆن ئامەد شاری کوردانە".

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/080e5cfd-895d-4a8e-b4d6-393ca23e72d9/040418VWK.ism/manifest

لە چەند رۆژی رابردوودا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا، بنکەیەکی سەربازیی سنووری سوپای توركیا لە شاری هاتای باشووری تورکیا لە نزیك عەفرین بەسەر كردەوە، لەو سەردانە ژمارەیەك لە ھونەرمەند و وەرزشوانانی توركیا یاوەری ئەردۆغانیان دەكرد، ھونەرمەندان گۆرانیان بۆ داگیركردنی عەفرین دەگوت، كە یەكێك لەو ھونەرمەندانە ئیبراھیم تاتڵیساس بوو.

ھ.م