هاووڵاتییانى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی رێگه‌یه‌كی چینی كۆن به‌كارده‌هێنن

K24 - سلێمانی:
چارەسەرکردن بەڕێگاى چینى لە هەرێمى کوردستان بووه‌تە رێگایەکى دیکەى چاره‌سه‌ری ته‌ندروستی لەلایەن هاووڵاتیانەوە و پشتى پێدەبەسترێت، لەگەڵ ئەوەى تاکو ئێستا ئەو شێوازه چارەسەرە نەتوانراوە لە جیهاندا به ته‌واوی پشتی پێ ببه‌سترێ، به‌و پێیه‌ی له رووی زانستی پزیشکی سه‌رده‌مه‌وه به رێگه‌یه‌کی بێ بنه‌مای زانستی ناسێنراوه.
زانستى ده‌رزی ئاژنین یه‌كێكه له زانستی چاره‌سه‌ری ته‌ندروستی له‌لایه‌ن چه‌ند وڵاتێكه‌وه، بە یەکێک لە هەرە کۆنترین زانستەکانی چین بۆ چارەسەرکردنى نەخۆشیيە دەروونی و ئازاره جەستەییەکان دادەنرێت، به‌وته‌ی پسپۆرانی ئه‌و شێوازه چاره‌سه‌ركردنه، ئەو زانستە لەسەر 12 رێگا تایبەتەکانى وزەى لەش کاردەکات، ئەم زانستە له پاڵ وڵاتانی جیهان، لە هەرێمى کوردستانیشدا چەند ساڵێکە وەک چارەسەرێکى پزیشکى پشتی پێ ده‌به‌سرێت.
لەگەڵ ئەوەى زۆربەى نەخۆشییەکان بەڕێگاى کیمیایى چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، زۆرجاریش چارەسەرە کیمیاییەکان كاردانه‌وه‌و لێكه‌وته‌ی تریان بۆ نه‌خۆشه‌كان ده‌بێت، بۆیە رێگه‌و شێوازە سرووشتییەکان بۆ چاره‌سه‌ری ته‌ندروستی پشتى پێ دەبەستریت. دەرزى ئاژنینیش بەیەکێک لە و چارەسەرانە دادەنرێت بە تایبەتى بۆ نەهێشتى ئازار به ده‌رزی رێژکردنی ئه‌و به‌شه‌ی جه‌سته که ئازاری هه‌یه له‌گه‌ڵ کۆنتڕۆڵکردنی هۆڕمۆن و رژێنه‌کان.
مێژووی به‌کاربردنی ئه‌م رێگه‌یه‌ی چاره‌سه‌رکردن بۆ سه‌رده‌می چاخی به‌ردین ده‌گه‌ڕێته‌وه، له چینه‌وه به‌ره‌و کۆریاو ژاپۆن و ڤێتنام و رۆژئاوای ئاسیا بڵاوبووه‌ته‌وه. ده‌رزییه‌کانی بۆ چاره‌سه‌رکردن به‌کار ده‌برێن جۆر‌و قه‌باره‌ی جیاوازیان هه‌یه و به‌گوێره‌ی زانستیانه‌ی ده‌رزی ئاژنین له سه‌ر به جیاوازه‌كانی جه‌سته ئه‌كرێت بۆ نه‌هێشتنی ئازار یان کۆنتڕۆڵکردنی رژێنه‌کان.