بایدەمیر: دەبێ رێ و رێبازی رێككەوتنی كورد دیار بكەین

شاندێكی ھەدەپە لە ھەولێر
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە)، بە شاندێكی فەرمی لە ئاستی باڵا لە ھەرێمی كوردستانە و بارودۆخی كورد لە ھەرچوارپارچە لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و پارتە سیاسییەكان تاوتوێ دەكات. عوسمان بایدەمیر، پەرلەمانتاری ھەدەپە لە ھەولێر رایدەگەیەنێت، لە ھەرچوارپارچەی كوردستان زوڵم لە كورد دەكرێت، دەبێ رێ و رێبازی كورد دیار بكەین.

وەك لە گوتەكانی ئەندامانی شاندی ھەدەپە دەردەكەوێت، پەیامی ئەوانە ئەوەیە، كۆدەنگییەك دروست بكەن و ھەوڵێك بۆ یەكگوتاری كورد بدەن.

پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە رایگەیاند: "لەو سەردانەدا پارتە كودستانییەكانی باشووری كوردستان بەسەر دەكەینەوە، گرنگی پەیوەندی و دیالۆگی نێوان لایەنە كوردییەكان بە بیردەخەینەوە. ھەروەھا بۆچوونی خۆمان لەبارەی گرنگی یەكێتی نەتەوەیی كوردانیش دەخەینەڕوو. ھیوادارین بەو گەشتەمان ئاشتی نێوان لایەنە كوردییەكان بەھێز ببێ و كێشەكانی نێوانیشیان وەلا بنرێن. بە كورتی ئامانجی گەشتەكەمان ئەوەیە".

عوسمان بایدەمیر، پەرلەمانتاری ھەدەپە كە ئەندامی شاندی حزبەكەیەتی بۆ ھەولێر ئەو دەڵێت: "دوای تێكچوونی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، ھەروەھا پاش ریفراندۆمی خەڵكی باشووری كوردستان بۆ سەربەخۆیی و داگیركردنی كەركووك و عەفرین، بەداخەوە لە ھەر چوارپارچەی كوردستان دوژمنایەتی گەلی كورد دەكرێت و ناھەقی و زوڵم لە گەلەكەمان دەكرێت، بۆیە پێویستە لە ھەرچوارپارچەی كوردستان گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسە بكەین، بۆ ئەوەی بزانین چۆن رێ و رێباز بۆ رێككەوتنی كورد دیاربكەین".

پارتی دیموكراتی كوردستان پێی وایە، بارودۆخی كورد ئێستا ھەستیارە و پێویستە ھەموو لایەنەكان بەدەوری یەكدا كۆببنەوە. تایبەت بە پرۆسەی ئاشتیش، جەختدەكاتەوە، ئەگەر ھەدەپە و توركیا خواستیان ھەبێت، سەرۆك بارزانی تواناكانی دەخاتەگەر بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و كۆتایی ھاتنی شەڕ.

ھ.م