پارتى بۆ ئه‌ندامانى: تواناتان بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ مسۆگه‌ركردنى زۆرترين ده‌نگ بۆ ليست و كانديده‌كان

ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بڵاوكرايه‌وه‌.

K24 – هه‌ولێر:

كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردايه‌تى پارتى كۆتايهات و له‌ راگه‌يه‌ندراوێكدا، ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بڵاوكرايه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌، كه‌ وێنه‌يه‌كى بۆ كوردستان24، نێردراوه‌ ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردايه‌تى پارتى داواى له‌ ئه‌ندامانى پارتى كردووه‌، "هەرچى لە توانایاندا بێت بیخەنە گەڕ بۆ بەشدارى و سەرخستنى پرۆسەكە و مسۆگەركردنى هەرچى زۆرترى دەنگ بۆ لیست و كاندیدەكانى پارتى".

ده‌قى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌

بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، جێگیری سەرۆکی پارتی، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆ بووەوە و سێ تەوەری سەرەکی تاوتوێ کرد و لە كۆبوونەوەکەدا داوا لە هەموو دەنگدەرانى كوردستان و عێراق کرا کە ئاسایشى كۆمەڵایەتى و سەقامگیریى وڵات لە پێشەنگى ئەولەویات و گرنگیپێداندا بێت. 

ئەنجومەنى سەركردایەتیى پارتى دیموكراتى كوردستان كۆبوونەوەیەکی فراوانى بە سەرپەرشتیى هەڤاڵ نێچیرڤان بارزانى، جێگرى سەرۆكى پارتى ئەنجام دا، كە تێیدا تەواوى ئەندامانى سەركردایەتى و یەدەكەكان و بەرپرسانى ئۆرگانە ناوەندى و لقەكان بەشدار بوون. 

دواى وەستانى دەقیقەیەك بۆ ڕێزگرتن لە گیانى پاكى شەهیدان و سەروەریان بارزانى نەمر و كاكە ئیدریسى هەمیشە زیندوو, كۆبوونەوە ئەم تەوەرانەى خوارەوەى خستە بەرباس و گفتوگۆكردن: 

تەوەرى یەكەم:- بارودۆخى ناوچە بەگشتى و ڕووداوە هەنووكەییەكان لە عێراق و كوردستان بەتایبەتى و بڕیار درا خوێندنەوەیەكى واقیعى و مامەڵەیەكى ئەرێنى لەگەڵ ئەو بارودۆخانەدا بكرێت بە پشتبەستن بە دیالۆگى سەردەمیانە و چارەسەرى ئاشتییانە لەبەرچاو بگیرێن لە هەموو بوارەكاندا بە مەبەستى دەستەبەركردنى ئاسایش و سەقامگیرى بۆ ناوچەكە. 

تەوەرى دووەم:- سەبارەت بە پرۆسەى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق كە لە 12/5/2018 ئەنجام دەدرێت كۆ بوونەوە بە بایەخەوە دەڕوانێتە ئەم پرۆسەیە و پابەندیى پارتیمانى تەئكید كردەوە بە میثاقى شەرەفى كە هێز و لایەنە سیاسییەكانى كوردستان و عێراق لە ژێر چاودێریى نوێنەرى نەتەوە یەكگرتووەكان واژۆیان كردووە، هەروەها ئاماژە بەو ئامادەكارییانە كرا كە ئۆرگانەكانى پارتیمان و دەزگاى هەڵبژاردن بەتایبەتى هەنگاویان بۆ هاوێشتووە. 

كۆبوونەوە داواى لە بەرپرسان و كادیر و ئەندام و لایەنگران و دۆستانى پارتیمان كرد هەرچى لە توانایاندا بێت بیخەنە گەڕ بۆ بەشدارى و سەرخستنى پرۆسەكە و مسۆگەركردنى هەرچى زۆرترى دەنگ بۆ لیست و كاندیدەكانى پارتى, هەروەها پابەندبوونێكى تەواوی نیشان دا بەو یاسا و ڕێسایانەى هەڵبژاردن كە لە كۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكان دەرچوون.

دواجار كۆبوونەوە داوا لە هەموو دەنگدەرانى كوردستان و عێراق دەكات ئاسایشى كۆمەڵایەتى و سەقامگیریى وڵات لە پێشەنگى ئەولەویات و گرنگیپێداندا بێت. 

تەوەرى سێیەم:- كۆبوونەوە بە بایەخەوە لەسەر بارودۆخى عێراق ڕاوەستا كە لە حاڵەتێكى تایبەتدایە, لە لایەكەوە هەموو پێكهاتەكانى پرۆسەى سیاسیى عێراق داواى پتەوكردنى پەیوەندى و كارى هاوبەش لە چواچێوەى پابەندبوون بە دەستوورى عێراق دوور لە بەرژەوه‌ندیى تەسك و ئینتقائى لە جێبەجێكردنى بڕگە و ماددە دەستوورییەكان, هەروەها باشتركردنى بارودۆخى ئاسایش و ژیان و بژێوى خەڵك و دەستەبەركردنى ئازادییە گشتی و تاكە كەسییەكان و لە لایەكى دیكەوە، نەهێشتنى ڕواڵەتى جیاوازى و یەكترقبوڵنەكردن لەسەر بنەماى نەتەوەیی و ئایینى و ئایینزایى كە جێگاى نیگەرانیى كۆبوونەوە بوو, چونكە دەبێتە هۆى دوورخستنەوەى عێراق لە ڕۆڵى هەرێمایەتى و دەولى و سەربەخۆیى وڵات لە لایەك و لە لایەكى دیكەوە تەشەنەسەندنى قەیران و گرفتە ناوخۆییەكان.

ئەنجومەنى سەركردایەتى 

پارتى دیموكراتى كوردستان