به‌ڤیدیۆ.. محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود: ئه‌گه‌ر كورد به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌كات هیچ شتێك نامێنێت به‌ناوی عێراق
K24- هه‌ولێر:
محه‌مه‌د حاجی مه‌حموود، سكرتێری حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان داخی خۆی بۆ به‌شداریكردنی پارت و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان له هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق راگه‌یاند.
له گوته‌یه‌كدا له‌كۆنگره‌ی حزبه‌كه‌ی بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن له شاری سلێمانی، حاجی مه‌حموود گوتی: "پێویست بوو لایه‌نه كوردستانییه‌كان به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقدا نه‌كه‌ن، تا ئه‌و كاته‌ی وه‌ڵامی داواكارییه ده‌ستووریه‌كانی كورد ده‌درایه‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌مه رووینه‌دا".
سكرتێری گشتی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان دووپاتیكرده‌وه، "ئێمه ده‌مانه‌وێ له‌ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم به لیستێكی یه‌كگرتوو به‌شداری هه‌لبژاردن بكه‌ین و، هه‌وڵی زۆریشمان له‌وپێناوه‌دا، به‌ڵام نه‌گه‌یشتینه هیچ ده‌ره‌نجامێك".
كاكه حه‌مه ئه‌و بانگه‌وازانه‌شی ره‌تكرده‌وه كه باس له زۆرینه و كه‌مینه ده‌كه‌ن و گوتی: "ئه‌گه‌ر كورد له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراقدا به‌شداری نه‌كه‌ن، هیچ شتێك نامێنێته‌وه به‌ناوی عێراق و وه‌ك شانشینی عه‌ره‌بستانی سعوودیه، كۆماری میسری عه‌ره‌بی، ئیماراتی عه‌ره‌بی یه‌كگرتووی لێدێت، بۆیه چه‌مكی كه‌مینه و زۆرییه هیچ واتایه‌ك بۆ عێراقێكی یه‌كگرتووه ناهێڵێته‌وه".
H.B