عه‌فرين.. له بازگه‌يه‌كى سوپاى توركيا و ميليشياكانيى كچێكى كورد بێسه‌روشوێن ده‌كرێت
K24 – هه‌ولێر:
كچێكى كورد به ناوى (زۆزان به‌شير سلێمان)، له بازگه‌ى سه‌ربازانى تورك و ميليشياكانى سه‌ر به توركيا له گوندى ترنده، ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه و تا ئێستا چاره‌نووسى نادياره.
رووداوه‌كه رۆژى (20ى نيسان/ ئه‌پريڵى 2018) روويداوه و ماوه‌ى هه‌فته‌يه‌كه هيچ زانيارييه‌ك له باره‌ى چاره‌نووسييه‌وه نه‌زانراوه.
ناوه‌ندى ميديايى عه‌فرين بڵاويكرده‌وه، ئه‌و كچه له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ى له ئاواره‌يى بوونه و ويستوويانه بگه‌ڕێنه‌وه گونده‌كه‌يان له لايه‌ن سه‌ربازانى تورك و ميليشياكانى سه‌ر به توركياوه ده‌ستگيركراوه.
ناوه‌نده‌كه روونيشيكردووه‌ته‌وه، زۆزان له كاتى لێكۆڵينه‌وه‌دا به سه‌ربازه تورك و ميليشياكانى وتووه، كه مامۆستاى وه‌رزش بووه.
كه‌سوكارى زۆزان تا ئێستا نازانن هۆكارى رفاندنى كچه‌كه‌يان له لايه‌ن سه‌ربازه توركه‌كان و چه‌كداره ميليشياكانى سه‌ر به توركياوه چييه.
ناوه‌نده‌كه ئاشكراشيكردووه، كه دوو سه‌ربازى تورك هاواريان كردووه، ئه‌م كچه تيرۆريسته و ئيتر راپێچيان كردووه له‌گه‌ڵ خۆيان.
ناوه‌ندى ميديايى عه‌فرين باسى له‌وه‌شكردووه، كه‌سوكارى ماوه‌ى هه‌فته‌يه‌كه سه‌رقاڵى ئاشكراكردنى چاره‌نووسى كچه‌كه‌يانن، چوونه‌ته باره‌گاكانى ئه‌منى توركيا له عه‌فرين، پێيان وتوون براوه بۆ كلس، چوونه‌ته كلسيش ئه‌وانيش وتويانه هيچ كه‌سێك به‌و ناوه نه‌گه‌يشتووه‌ته لايان.
زۆزان له‌دايكبووى 1988ه و ده‌رچووى په‌روه‌رده‌ى وه‌رزشى حه‌له‌به و دانيشتووى گوندى كفر سفره و هيچ په‌يوه‌ندييه‌كيان به ئيداره‌ى خۆبه‌ڕێوبه‌رى عه‌فرينه‌وه نه‌بووه.