ئه‌مریكا دیپلۆماسییه‌تی به‌هێز ده‌كاته‌ شوێنگره‌وه‌ی گوللـه‌

مایك پۆمپیۆ: ده‌بێت هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌ لغاو بكرێت

K24  ـ هه‌ولێر:

مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری نوێی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ده‌ڵێت: "په‌یڕه‌ویی له‌ "دیپلۆماسییه‌تێكی به‌هێز" ده‌كه‌ین تا قه‌یرانه‌كان به‌ ئاشتیانه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین و پێویست به‌وه‌ نه‌كات یه‌گ گوللـه‌ بته‌قێنرێت".

مایك پۆمپیۆ رۆژی هه‌ینی 4/5/2018 له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك له‌ دیپلۆماته‌كانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ گوتوویه‌تی: "به‌ كاتێكی سه‌ختدا تێده‌په‌ڕین و داواكاری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تییه‌كی به‌هێز هه‌بێت و پێویسته‌ تیمه‌كانمان به‌هێز و ئازایانه‌ رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌كان بوه‌ستنه‌وه‌".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "خۆشبه‌ختانه‌ سه‌رۆكێكمان هه‌یه‌ كه‌ باوه‌ڕی به‌ دیپلۆماسییه‌تی به‌ھێز هه‌یه‌ تا به‌ته‌واوی كه‌ره‌سته‌ نیشتمانییه‌كانییه‌وه‌ به‌رگریی له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و پره‌نسیپه‌ نه‌گۆڕه‌كانی پێبكه‌ین".

به‌گوێر‌ه‌ی قسه‌كانی پۆمپیۆ، ئه‌و دیپلۆماسییه‌ته‌ ده‌رفه‌ته‌كانی به‌رده‌م ئه‌مریكا بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كان به‌ ئاشتیانه‌ ده‌ڕه‌خسێنێ، بێ ئه‌وه‌ی په‌نا بۆ ته‌قاندنی یه‌ك گوللـه‌ش ببرێت".

پۆمپیۆ ده‌ڵێت: "له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێویستمان به‌ دیپلۆماسییه‌تێكی به‌هێزه‌ تا هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی ئێران له‌ قاڵب بدرێت كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی تێكدانی سه‌قامگیریی له‌ سووریا و یه‌مه‌ن و ناوچه‌كه‌دا" ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ بڕیاره‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا تره‌مپ هه‌ڵوێستی وڵاته‌كه‌ی له‌باره‌ی چاره‌نووسی رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران رابگه‌یه‌نێت.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا باسی ئه‌و كۆشسشه‌ دیپلۆماسییه‌یشی كردووه‌ كه‌ وه‌ك فشار له‌سه‌ر كۆریای باكوور ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئاراسته‌ی دانووستان بڕوات تا كوره‌ ئه‌تۆمییه‌كانی كیم جۆنگ ئون كۆتایی پێده‌هێنێت".