هه‌ڕه‌شه‌كانی تره‌مپ نرخی تومه‌نی ئێرانی زیاتر داشكاند
K24 - هه‌ولێر:
دواى هه‌ڕه‌شه‌كانی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به كشانه‌وه‌یان له رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران، به‌های تمه‌ن به‌رامبه‌ر به دۆلار زیاتر داشكا و نرخی یه‌ك دۆلار بۆ شه‌ش هه‌زار و 800 تمه‌ن به‌رزبووه‌وه.
ئاژانسی ئیلنا له زاری پسپۆرانی ئابووری رایگه‌یاند, نزیكبوونه‌وه‌ی كاتی بڕیاری تره‌مپ له باره‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی كاریگه‌ريی به‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دۆلار هه‌بووه.
به‌رزبوونه‌وه‌ی بێ وێنه‌ی به‌های دۆلار له ئێران له كاتێكدایه, نرخی دیاریكراوی بانكی ناوه‌ندی ئێران له رۆژی یه‌كشه‌ممه 4 هه‌زار 200 تومه‌نه، به‌ڵام له بازاڕدا به نزیكه‌ی 7 هه‌زار تمه‌ن ئاڵوگۆڕی پێده‌كرێت.
نووسینگه‌كانی دراو، هه‌رچه‌نده نرخی حكوومه‌تییان له‌سه‌ر تابلۆی نرخه‌كانیان نووسیوه، به‌ڵام خۆیان له فروشتنی دۆلار ده‌پارێزن و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كڕیاری ئه‌وتۆی نییه.
رۆژی 14 شوباتی رابردوو هێزه ئه‌منییه‌كانی ئێران ده‌یان كه‌سيان به تۆمه‌تی كڕین و فروشتنی دۆلار له تاران ده‌ستگیر كرد و چه‌ندین نووسینگه‌ی كڕین و فروشتنی دراویان داخست.
ا. م