فازڵ میرانی: مام جەلالێك نەماوە بەرگری لێ بكەین ببێتەوە سەرۆك كۆمار

"پۆستی سەرۆك کۆماری عێراق بۆ کورد گرنگە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمڕۆ دەچێتە بەغدا و لەگەڵ بەشێك لە لایەنە سیاسییەكانی عێراق گفتوگۆ لەبارەی پێكھێنانی حكوومەتی داھاتووی عێراق و رێككەوتن لەسەر پۆستە سیادییەكانی عێراق دەكەن، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی رایدەگەیەنێت، ڤیتۆیان لەسەر ھیچ کەسێك نییە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق.

فازڵ میرانی، سەرۆکی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا بە کوردستان24 راگەیاند: "ئێمە وەك پارتی ڤیتۆمان لەسەر هیچ کەس نییە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق".

فازڵ میرانی گوتیشی: "وەرگرتنی پۆستی سەرۆك کۆماری عێراق بۆ کورد گرنگە، چونكە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی نوێنەرایەتی عێراق دەكات".

ئەوەشی خستەڕوو: "دانانی سەرۆك كۆمار بە رێككەوتنی كورد و عەرەب دەبێت نازانرێت كێ دەبێت، لە خولەكانی پێشووتر سەرۆك مەسعود بارزانی، پێداگری دەكرد لەسەر دانانەوەی مام جەلال، دوای ئەوە مام جەلال بە سەرۆك بارزانی گوتبوو، دەمزانی منت خۆشدەوێت، بەڵام نەمدەزانی بەو رادەیە بەرگریت لێكردووم، ئێستا مام جەلالێك نییە تا بەو شێوەیە بەرگری لێ بكەینەوە".

جەختیكردەوە: "پارتی لە كوردستان و عێراق ڤیتۆی لەسەر كەس نییە، بەڵام پۆستی سەرۆك كۆماریش پاوانكاری ئەو حزب و ئەم حزب نییە و ھی كوردیش نییە بە تەنیا، ھەر كەسێك لە كوردستان ببێت بە سەرۆك كۆمار بە نوێنەرانی ھەموو كوردستان دەچێتە بەغدا".

سەبارە بە كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی لە دوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق میرانی ئاشكرای كرد: "دانیشتێك لەنێوان نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی و شاندێكی یەكێتی ھەبووە بۆ تاوتوێكردنی دۆخەكە".

فازڵ میرانی، ئاشكراشی كرد: "دوای گەڕانەوەی شاندی پارتی لە بەغدا، رەنگە كۆبوونەوە لەنێوان پارتی و یەكێتی ئەنجامبدرێت، ئێمە پێمان باشە نەك ھەر لەگەڵ یەكێتی، بەڵكو لەگەڵ ھەموو لایەنە كوردستانییەكان كۆببینەوە".

ھ.م