ئەردۆغان گلەییەكان دەگەیەنێتە سەدر

"ستەمیان لێكراوە"

K24 - ھەولێر

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌ركۆماری توركیا نیگەرانی توركمانەكانی عێراق لەبارەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان دەگەیەنێتە موقتەدا سەدر و پێی راگەیاندووە كە لە كەركووك ساختەكاری لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان كراوە و پێویستە بە دواداچوون و لێكۆڵینەوە بكرێت.

بە گوێرەی ئاژانسی ئەنادۆڵ، لە په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی نێوان ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌ركۆماری توركیا و موقته‌دا سه‌در سەرکردەی رەوتی سەدر و سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی سائیرون، ئەردۆغان بە سەدری گوتووە: "توركمانه‌كانی عێراق باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌ هه‌ڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە شاری كه‌ركووك هه‌ندێك ساخته‌كاری كراوه‌ و سته‌میان لێكراوه‌".

داواشی له‌ موقته‌دا سه‌در كردووە: "پشتیوانی پێویست پێشكه‌ش بكات بۆ دۆزینه‌وه‌ و چاككردنی ئه‌و ساخته‌كاریانه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا، موقته‌دا سه‌در باسی له‌وه‌كردووە كه‌ مافی هه‌موو پێکهاتەکان به‌ توركمانه‌كانیشه‌وه‌ ده‌پارێزن".

دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ژمارەیەك لایەنی سیاسی ئەنجامەكانیان رەتكردەوە و رایانگەیاند كە ساختەكاری كراوە، یەكێك لەو لایەنەنانەش توركمانەكانن.

ھ.م