ئێران شوێنی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی ئاشكرا ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
سه‌رچاوه‌یه‌كی فه‌رمی به رۆژنامه‌ی The Express Tribune))ـی پاكسانی گوتووه: "دوو به‌رپرسی باڵای ئێرانی شاندێكی پاكستانی به سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی پاكستان "عه‌شتار ئه‌وساف"ـیان ئاگاداركردووه‌ته‌وه كه راپۆرتی هه‌واڵگریی باوه‌ڕپێكراویان له به‌رده‌ستدایه و ده‌یسه‌لمێنێ، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، ژماره‌یه‌ك چه‌كداری داعش و ئه‌بو به‌كر به‌غدادی رێبه‌ری رێكخراوه‌كه‌ی گواستووه‌ته‌وه بۆ ئه‌فغانستان".
سه‌رچاوه‌ی رۆژنامه پاكستانییه‌كه گوتوویه‌تی: "ئێرانییه‌كان به شانده پاكستانییه‌كه‌یان گوتووه، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و ئیسرائیل ده‌یانه‌وێت پاكستان و ئێران بكه‌نه عێراق و سووریا و لیبیا و ئه‌فغانستان".
روونیشیكردووه‌ته‌وه، ئه‌و شانده‌ی پاكستان له‌سه‌ر بانگهێشتی فه‌رمی محه‌مه‌د جه‌عفه‌ر مونته‌زری، داواكاری گشتی ئێران، پێش دوو هه‌فته چوونه‌ته تاران و چه‌ندین پرسی په‌یوه‌ست به هه‌ر دوو وڵاتیان تاوتوێ كردووه.
به‌گوێره‌ی راپۆرتی رۆژنامه پاكستانییه‌كه، شاره‌زایان له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه په‌یامه‌كه‌ی ئێرانیان به بایه‌خێكی زۆره‌وه وه‌رگرتووه و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پاكستانیش چه‌ند جارێك گومانی خۆی له بوونی چه‌كدارانی داعش له‌و ناوچانه ده‌ربڕیووه و هه‌ر یه‌كه له رووسیا و تاجیكستانیش مه‌ترسی خۆیان له پاڵپشتیكردنی ئه‌مریكا بۆ داعش خستبووه روو.
به‌ڵام تا ئێستا جگه له سه‌رچاوه‌ی رۆژنامه پاكستانییه‌كه، هیچ لایه‌نێكی دیكه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و به‌رپرسانی ئه‌فغانستان و پاكستان به فه‌رمی قسه‌یان له‌باره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ئێرانییه‌كان نه‌كردووه.