"مه‌سیحییه‌ت له‌ عێراقدا نامێنێت"

مه‌سیحییه‌كان له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌دان

K24 - هه‌ولێر:

قەشەکانی عێراق هۆشداری دەدەن لەوەی ئەو مەسیحیانەی ناوچەکانیان لە عێراق جێهێشتووە ناگەڕێنەوە و مەترسیان بۆ مەسیحیەت دروست کردووە لەو ناوچانە.

قەشە بەشار واردا, بۆ رۆژنامەی (ناشناڵ کاسۆلیک ریجیستەر) لە هەولێر گوتی: "داعش بۆ ئێمە دادگایەک بوو دەبوو رووبەرووی ببینەوە، بەڵام ئێستا ئامانجمان مانەوە نيیە لە ژیان, بەڵکو چۆن یارمەتی مەسحییەکان بدەین کە لێرە بمێننەوە".

لە شارۆچکەی قەرەقووش، یەکێک لە شوێنه‌ دیارەکانی مەسیحییەکانی عێراق کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی مووسڵ، لە کۆی 90 هەزار خێزان، تەنها 40 هەزار خێزان ماونەتەوە.

عەمار یاکۆ، قەشەیەکی کاسۆلیکی لە قەرەقوش، لەو بارەیەوە رایگەیاند: "گۆڕینی دیموگرافی بۆ ئێمە خاڵێکی ناخۆشە, ئەگەر ئێمە قەرەقووش لە دەست بدەین، کەواتە ئێمە مەسیحیەتمان لە عێراق لەدەستداوە.".

هەروەها لەناوچەی تێلسقۆف، بەهۆی هێرشه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی هێزه‌كانی عێراق، مەسیحییەکانی ئەو ناوچانە سەرەڕای گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانیان، گلەيی لە نەبوونی کار دەکەن.

بە گوتەی قەشە بێنهام بێنۆکا، ئەوەی جێگای نیگەرانی مەسیحییەکانە ئەوەیە, نازانن لە داهاتوو چی روودەدات و "چی گەرەنتی مانەوەیان لە نەینەوا دەکات".

وه‌كو ئه‌و گۆڤاره‌ ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، بێنهام شەبەکەکان ئەو ناوچانەی پارێزگای نەینەوا بەوە تۆمەتبار دەکات کە "هەوڵی گۆڕینی مەسیحیەکان دەدەن بۆ ئیسلام و لە رێگای مزگەوتەکان بە خەڵکی دەڵێن کە ئەو ناچانە بۆ شەبەکەکان دەگەڕێنەوە نەک مەسیحییەکان".

لەکاتێکدا بە وتەی بێنهام شەبەکەکانی ناوچەی بەرتلە, لە ساڵی 2000 لە ترسی ئەلقاعیدە لە مووسڵ هەڵهاتوون و لەو ناوچەیە جێگر بوون, "حکوومەتی عێراق  و ئێران پاڵپشتی کردوون کە موڵکی مەسیحییەکان بکڕن".

لەگەڵ ئەوەش، ئەو قەشانە هیوایان هەیە کە خەڵکەکەیان بۆ ناوچەکانیان بگەڕێنەوە, چونکە خەڵکی عێراق لە داعش بێزاربوو. ئەوەش ناشارنەوە کە هێشتا داعش لە رێگای تەلەفۆن و نامە هەڕەشەیان لێدەکات و پێیان دەڵێن" ئەوان (داعش) هێشتا لەوێ ماون".

بۆ مەسیحییەکان، بردنەوەی موقتەدا سەدری شیعی لە هەڵبژاردنەکان، عێراق بەرەو ناسەقامگیری زیاتر دەبەن و بەجۆرێک ئێستا کەس نيیە بەرگری لە مەسیحیيەکان بکات.

یوحەننا یوسف، جووتیارێک لە قەرەقووش، لەو بارەیە گوتی: " ئێستا قەشەیەک دەکوژرێت و هیچ کەسیش لەسەری دەستگیر ناکرێت".

قەشەکان بۆ پاراستنی پێکهاتەکەیان داوای ئاسایش و ئازادی و هەلی کار دەکەن لە ناوچەکانیان، بە پێچەوانەوە رەنگە مەسیحییەکان بەیەکجاری ئەو ناوچانە پارێزگای نەینەواش جێبهێڵن.

هـ. ج