فڕۆكه‌وانێك دوای 30 ساڵ له‌ خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌كه‌ی به‌ زیندووێتی دۆزرایه‌وه‌

"پێویستی به‌ یارمه‌تییه‌"

K24 - هه‌ولێر:

فڕۆکەوانێکی یەکێتی سۆڤیەتی جاران لە وڵاتی ئەفغانستان لە ساڵی 1987 فڕۆکەکەی دەخرێتە خوارەوە، پاش ئه‌وه‌ی هیچ سه‌ر و سۆراغێكی نابێت، ده‌سةڵاتدارانی ئه‌وكاتی سۆڤیەت بە کوژراو لە قەڵەمیان داوه‌.

ڤالێری ڤۆسترین، سەرۆکی سەربازە پەڕەشووتوانەکانی رووسیا، بە میدیای حکوومی (ئاڕ ئای ئەی) رووسی راگەیاند: "ئەو هێشتا زیندووە. ئەوە زۆر سەرسامکەرە. ئێستا ئەو پێویستی بە یارمەتییە".

سێرجێی پانتێلیوک، فڕۆکەوانەکە، لە باکووری کابولی پایتەختی ئەفغانستان فڕۆکەکەی خرایە خوارەوە و خۆشی لەو کاتەدا بە "وونبووی جەنگ" ناوبردرا، بەڵام  ڤیاکێسلاڤ کالینین، جێگری سەرۆکی رێکخراوی خانەنشینانی جەنگ لە رووسیا، ئاشکرای کرد کە سێرجی زیندووە و لە کەمپێکی پاکستان ( پێشتر یه‌كێك بووه‌ له‌ زیندانییه‌كانی جەنگی ئەفغانستان لە پاکستان) وەک دیلی جەنگ هەر زیندانییە.

بە گوێرەی هەواڵێکی گاردیانی بەریتانی، دایک و خوشک و کچێکی سێرجی هێشتا لە ژیاندا ماون و پێشبینیش دەکرێت کە تەمەنی ئەو فڕۆکەوانە ئێستا 60 ساڵ بێت.

بە گوێرەی هەواڵێکی (ئاڕ ئای ئەی) لە ساڵانی 1979  بۆ 1989، 125 فرۆکەی یەکێتی سۆڤیەتی جاران لە جەنگی ئەفغانستان خراونەتە خوارەوە و نزیکەی 300 سەربازی سۆڤیەتیش بێ سەروشوێن بوون، دواتر لەو ژمارەیە تەنها 30 سەربازیان دۆزرانەوە.

مۆسکۆ لە هەوڵی گەڕاندنەوەی ئەو سەربازەیەتی و بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵەکانی دەستپێکردوە.