له‌ ئه‌وروپاوه‌ دوژمنێكی نوێ بۆ په‌نابه‌ران په‌یدا ده‌بێت

وه‌زیرێكی ئیتاڵی بۆ په‌نابه‌ران: جانتاكانتان ئاماده‌ بكه‌ن و ئیتاڵیا جێبهێڵن

K24هه‌ولێر:

وەزیری نوێی ناوخۆی ئیتاڵیا، داوا لە پەنابەرانی وڵاتەکەی دەکات کە بەزووترین کات ئیتاڵیا جێبهێڵن.

ماتیۆ سالڤینی، وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا، لە میانی بانگەشەی بۆ پارتەکەی، لێگا نۆرد، بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئیتاڵیا کە بڕیارە کۆتايی ئەم مانگە ئەنجام بدرێت، هێرشی کردەوە سەر پەنابەران له‌و  وڵاتە.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس 24، ماتیۆ لەناو ئاپۆڕای لایەنگرانی لە باکووری ئیتاڵیا گوتوویەتی: "کاتە خۆشەکانی پەنابەرانی نایاسایی کۆتایهات، جانتاکانتان ئامادەکەن".

ئەو وەزیرە نوێیەی ئیتاڵیا گوتیشی: "وڵات پێویستە کاری خۆی بکات و نابێت چیدی قاچاخچییەکان لە بەندەرەکانی ئیتاڵیا هاتووچۆ بکەن".

لە ساڵی 2017، 6 هەزار و 500 پەنابەر لە ئیتاڵیا دیپۆرت کراونەتەوە، بەڵام ئەگەر ئەو وەزیرە بیەوێت پەنابەران بە ژمارەیەکی زۆر زیاتر رەوانەی وڵاتەکەیان بکاتەوە, دەبێت ژمارەی سەنتەری دەستگیرکراوانی پەنابەران زیاد بکات و لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە پەنابەرانی لێهاتوون رێکبکەوێت.

یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی ئەو پارتەی ئیتاڵیا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دژی هێشتنەوە و وەرگرتنی پەنابەرانن لە ئیتاڵیا.

دوای چەند مانگێک لە هەوڵی پارتە سیاسییەکانی ئیتاڵیا، هەینی رابردوو 1ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2018، حکوومەتی نوێی "پۆپۆلیستی" ئیتاڵیا پێکهێنرا و وەزیرەکانی سوێندی یاسايیان خوارد.

هـ. ج