ناتانیاهۆ بۆ دژایەتی ئێران دەگاتە ئەوروپا

په‌یوه‌ندی به‌ بڕیاری كشانه‌وه‌ی تره‌مپ له‌ رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی هه‌یه‌

K24 - هه‌ولێر:

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە (04/06/2018) بێنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە سەردانێکی سێ رۆژی بگاتە ئەوروپا بە مەبەستی بەدەستهێنانی پاڵپشتی ئەوروپییەکان بۆ گۆرینی هەڵوێستیان لەبارەی رێکەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی ئەلمۆنیتەر، ناتانیاهۆ دەیەوێت فشاربخاتە سەر بەرلین و پاریس و لەندەن کە دژایەتی بڕیاری کشانەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە رێکەوتننامەی ئەتۆمی ئێران نەکەن.

جێرێمی ئیساکارۆف، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەڵمانیا، لەبارەی سەردانەکەی ناتانیاهۆ بە ئاژانسی هەواڵی ئەی ئێف پی فەڕەنسی گووت: "ئامانجەکە ئەوەیە کە رێگری لە ئێران بکرێت گەشە بە هیچ توانستێکی ئەتۆمی نەدات".

لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێکەوتنامە ئەتۆمییەکە، وڵاتانی ئەوروپا پابەندی خۆیان بە رێکەوتننامەکە دووپاتکردەووە و ئیسرائیلیش دەیەوێت لانی کەم ئەو پابەندبوونە کاڵ بکاتەوە.