"سعوودییە دەبێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی"

هەوڵێکی ئیسرائیل و سعوودییە دژی ئێران ئاشکرا دەبێت

K24 - هه‌ولێر:

ئامی دۆر ئۆن شیکەرەوەی ئەتۆمی ئیسرائیلی و لاورێنس داڤیدسۆن پڕۆفیسۆر و مێژووناسی ئەمه‌ریکی، هۆکاری نزیکبوونەوەی هەردوو وڵاتی ئیسرائیل و سعودیە ئاشکرا دەکەن.

لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ رۆژنامەی عەرەب21، ئامی دۆر ئون ئاشکرایکرد: " ئیسرائیل نهێنی پێشخستنی چەکی ئەتۆمی داوە بە سعودیە بۆ ئەوەی ئەگەر ئێران بتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، جگه‌ له‌ ئیسرائیل تاران نەبێتە تەنها وڵات لە رۆژهەڵاتی ناوەراست چەکی ئەتۆمی هەبێت".

پرۆفیسۆر داڤیدسۆن، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رادیۆی سپۆتنیکی رووسی، پشتگیریی لە قسەکانی ئەو شیکەرەوە ئیسرائیلە کرد  و گووتی: "ئاسایشی بەرگری ئیسرائیل و سعودیە لە لایەن ئەمریکاوە پارێزراوە، ئەمریکاش دەزانێت کێشەی ئیسرائیل بەم بارودۆخەی کە ئێستا هەیە چارەسەر نابێت".

داڤیدسۆن هۆکاری ئەو هەماهەنگیەی ئیسرائیل و سعودیە بۆ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، دەگەڕێنێتەوە بەوەی "ئەو پێناسەی نەوەکانی پێشووی سعودیە دەربارەی ئیسرائیل هەیانبووه‌و ئیسرائیلیان وەک داگیرکەر لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دەبینی، (محەمەد بن سەلمان) ئەو پێناسەیه‌ی بۆیان نییە".

ئیسرائیل هەوڵەکانی بۆ دوورخستنەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە رێککەوتنامە ئەتۆمییەکە له‌گه‌ڵ ئێران خستۆتە کار و ئیرانیش هەرەشەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەکات لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێککەوتنەدا.