پوتین وه‌ڵامی كوردستان 24 ده‌داته‌وه‌

پوتین بۆ كوردستان 24: ئاگاداری تێکۆشانی كوردین بۆ وەدیھێنانی مافە رەواکانیان

K24 - مۆسكۆ:

لە میانەی به‌ڕێوه‌چوونی بەرنامەی ھێڵی راستەوخۆ لەگەڵ ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا، کە خۆشەوی محه‌مه‌د بەرپرسی نوسینگەی کوردستان 24 لە مۆسكۆ بەشداربوو بە پرسیارێک پرسی پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و ھەرێمی کوردستانی وروژاند.

پوتین له‌ وه‌ڵامی پرسیاری كوردستان 24، گوتی: "ئێمە لەگەڵ گەلی کورد ھەمیشە لە پەیوەندییەکی باش و دێرین  و تەندروست و ھەماھەنگدا بووین، بە پێویستی دەزانین کە باسی بەھرەمەندی گەلی کورد بکەین، ئاگاداری تێکۆشانی ئەوانین بۆ وەدیھێنانی مافە رەواکانیان، ئێمە دەبینین و تێدەگەین چی لە عێراقدا دەگوزەرێت، ئێمە ئەنجامەکانی ریفراندۆممان بینی، بينيمان چ بڕیارێک لەو ئەنجامانە کەوتەوە، دواتر بینیمان چۆن لە عێراقدا ئەو بڕیارە لایەن کوردستانی عێراقەوە چەسپێنرا، لە چوارچێوەی عێراقدا وەك وڵاتێك ئێمە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا ھاوسەنگ رادەگرین، ھەموو پلانەکانمان لە عێراق و لەو بەشەشی ناوی کوردستانە، بە یاسايی دەبینین و دوورنمای رۆشنیان ھەیە. ئەو پەیوەندییانە بە چەشنێکن، کە ئێمە بۆ ناکۆکی و پێکدادان راناکێشن، بە پێچەوانەوە چاوەڕوانی باشییان لێ دەکرێت بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق و کوردستان. پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کوردستان چاوەڕوانی باشیان لێ دەکرێت لە ھەناویاندا زۆر شت لە خۆدەگرن".