میلشیاكانی حه‌شد به‌مجۆره رۆژی "قودس"یان به‌ڕێكرد
K24 - هه‌ولێر:
چه‌كدارانی میلشیاكانی حه‌شدی توركمانی، له رۆژی جیهانی "قودس"، له ناوه‌ڕاستی شه‌قامه‌كانی خورماتوو و ئامرلی، وه‌ك نمایشێكی سه‌ربازی، به‌سه‌ر ئاڵای ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل كه‌وتن.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان 24، به‌لای كه‌مه‌وه 3 هه‌زار چه‌كداری ئه‌و میلشیایه به‌شداری له رێوڕه‌سمه‌كه‌دا كردووه، به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی رێكخه‌رانی رێوڕه‌سمه‌كه‌ش، ته‌واوی ده‌سته و گرووپ و فه‌سیله‌كانی حه‌شد، به‌شداربوونه.
به گوێره‌ی ئه‌و گرته ڤیدیۆییانه‌ی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكراونه‌ته‌وه، به‌شێك له چه‌كدارانی میلیشیاكه، له ناوه‌ڕاستی شه‌قامه‌كان، ئاڵای ئێرانی‌یان به‌رزكردووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش وه‌كو ئاماژه‌یه‌ك بۆ ده‌ربڕینی هاوسۆزی خۆیان له‌گه‌ڵ ئێران.
له كه‌ركووكیش چه‌كدارانی میلیشیای به‌در، به هه‌مان شێوه، به به‌رزكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی خامه‌نه‌یی رێبه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران، یادی رۆژی قودسیان كرده‌وه.
رۆژی قودس، وه‌كو رێوڕه‌سمێك، كۆتایی هه‌یینی هه‌موو ره‌مه‌زانێك، به‌ڕێوه‌ده‌چێت و له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه له ساڵی 1979ه‌وه دیاریكراوه، كه بۆ ده‌ربڕینی پشتگیری و هاوسۆزییه بۆ فه‌له‌ستینییه‌كان.