عێراق دوای 27 ساڵ یەکەم کەشتی نەوتی هەناردە کرد

"یەکەم گەشت بۆ ئەمریکا بوو"

K24 - هه‌ولێر:

دوای نزیکەی 27 ساڵ، یەکەم کەشتی نەوت هەڵگری عێراق گەڕایەوە ئاوه‌كان و یەکەم گەشتیشی بە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتەوە بۆ ئەمریکا بوو.

عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، لەو بارەیەوە گوتی: "شەوی هەینی 8ی حوزه‌یران/ یۆنیۆ کەشتییەکە بەندەری بەسڕای بەرەو ئەمریکا جێهێشتووە، ئەمە یەکەمین جارە لە ساڵی 1991ەوە، عێراق نەوت به‌ كه‌شتی خۆی هەناردە دەکات".

بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی نەوت، عێراق لە مانگی ئادار/ مایسی رابردوو، رۆژانە 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووه‌ و بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنانیش لە رۆژێکدا 5 ملیۆن بەرمیل بووە.

بەهۆی هێرشکردنە سەر وڵاتی کوێت لەلایەن رژێمی سەددام حووسەینەوە، هەناردەی نەوتی عێراق لە رێگای کەشتیی خۆیەوە لە ساڵی 1991ەوە راگیرابوو.

به‌ گوێره‌ی وێبسایتی گۆلف نیوز، عێراق بە بوونی 153 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگ، دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی رێکخراوی ئۆپێکە و لە 99% ی ژێرخانی ئابووری عێراق پشتی بە هەناردەی نەوت بەستووە.

هـ. ج