سەربازێکی بەریتانی به‌ نووسینێك بەرگری لە ئیسلام دەکات

لە بەسرا قاچێکی لەدەستداوه‌.. نووسینه‌كه‌شی مشتومڕی زۆری به‌ دوای خۆیدا هێناوه‌

K24 - هه‌ولێر:

سەربازێکی بەریتانی کە بەهۆی جەنگ لە عێراق قاچێکی لەدەستداوە، نووسینێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک له‌ باره‌ی ئیسلام بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و مشتومڕی زۆر بە دوای خۆیدا هێناوه‌.

کریس هێربێرت، سەربازێکی سوپای بەریتانیا بووە لە شاری بەسرا، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبی چێندراو لە ساڵی 2007 قاچێکی لەدەستدا، هاوڕێیەکی بە ناوی لوک سیمپسۆن گیانی لە دەستدا و دوو سەربازی دیکەش لەو رووداوە برینداربوون.

بە گوێرەی هەواڵێکی (ئیندیپێندت)ی به‌ریتانی، ئەو سەربازە چەند جارێکه‌ لە لایەن خەڵکی پێی گووتراوە، دەبێت ره‌خنه‌ لە ئایینی ئیسلام بگرێت و تووڕەبێت، چونکە موسڵمان و ئاینی ئیسلام بوونەته‌ هۆی ئەوەی قاچێکی لەدەست بدات، بەڵام ئەو  پێچەوانە بیردەکاتەوە.

کریس لە هەژماری تایبه‌تی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی: " بەڵێ، موسڵمانێک بووە هۆی تەقینەوەکە و من قاچێکم لە دەستدا، بەڵام پزیشکێکی موسڵمان لەناو هێلیکۆپتەرەکە چارەسەری بۆکردم، پزیشکێکی موسڵمانیش نەشتگەری بۆ کردم".

هەر لە درێژەی نووسینەکەی کریس هاتووە: "پەرستارێکی موسڵمان بەشێک بوو لەو تیمەی منیان هێنایەوە بۆ بەریتانیا، لە دوای گەڕانەوەم بۆ ماڵەوە، بۆ یەکەمینجار کاتێک لەگەڵ باوکم دەچووین بۆ خواردنەوە، شۆفێرێکی تاکسی موسڵمان بە خۆڕایی ئێمەی گەیاند".

ئەو سەربازە دەشڵێت: " تۆمەتبارکردنی هەموو موسڵمانان بەوەی داعش و تاڵیبان دەیکه‌ن، وەک ئەوە وایە هەموو مەسیحییەکان تاوانبار بکەیت بەوەی گرووپی (کەی کەی کەی) و (وێستبۆرۆ باپتیست) لە رابردوو کردوویانە.

هـ. ج