له‌ناو ئاگری عێراقدا كورد یه‌كده‌نگ نه‌بێ ده‌سوتێ

"دەبێ كورد یەك دەنگ و یەك گوتاربێت"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

لە ناو ئەو رەوشە بێسەروبەرییەی کە لە دۆخی سیاسی عێراقدا ھەیە و ئەو ململانێ توندەی ئەمڕۆ لە بەغدا ھەستی پێدەکرێت، بە پێویست و گرنگ دەزانرێت کە کورد یەکدەنگ و یەك ھەڵوێست بێت و ئه‌وه‌ش به‌ باشترین بژاردە داده‌نرێت.

بەھۆی ئەو دابەشبوونەی کە لەنێو بەشێك لە لایەنەكانی عێراق ھەیە لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەکەی 12ی ئایاری2018، جۆرێك لە ناكۆكی و نیگەرانی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا دروستبووە، تەنانەت ھەندێك کات ھۆشداریی لە ھەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆیی دەدرێت، کوردیش لە ھەموو بارودۆخێکدا بەشی خۆی لە خێرو شەڕ بەردەکەوێت، بۆیە بەر لە روودانی ھەر كێشەیەك داوای یەكدەنگی و یەكگرتوویی ھێزە كوردییەكان دەكرێت.

ئالان حەمە سەعید، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی و ھەڵەبجە بە كوردستان24 راگەیاند: "رەنگە بەھۆی ململانێی ھەندێك لایەنی كوردی چەند پۆستێك زیاتر یان كەمتر لە عێراق بە دەستبێنن، بەڵام خەمی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەیە كە مافە رەواكانی گەلی كوردستان نه‌كەونە مەترسییەوە".

یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش پێیوایه‌، کورد لە ھەر دەرگایەک بدات، دواتر دەگەڕێتەوە بۆ دەرگای یەك دەنگی ھێزە کوردییەکان لە بەغدا، چونکە جگە لە یەك ھەڵوێستی کورد ھیچ جێگرەوەیەکی تری نییە، ئەگەر ئەوەش نەکرێت بەشێك لە لایەنەکان ستەم لە گەلەكەی خۆیان دەکەن.

لەوبارەوە فەھمی بورھان، ئەندامی مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت: "گرفتەكە ئەوەیە ئێمەش وەك لایەنە عەرەبەكانی عێراق پەرتەوازەین، ھێزە سیاسییەكانی كوردستانیش وەك ئەوان بەسەر بیر و بۆچوونی جیاواز دابەشبوونە، بۆیە من پێم وایە تەنھا یەك رێگە لەبەردەم لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە، ئەویش یەكدەنگی و یەك ھەڵوێستیانە لە بەغدا، دەبێ ھەمووان بە یەك گوتار و یەك ئەجنداوە بچنە بەغدا بۆ ئەوەی مافەكانی گەلی كورد لەچوارچێوەی دەستووری عێراق وەدەست بێن".

ھەر پەیوەست بەو باسەوە، یه‌حیا عومه‌ر، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی دەڵێ: "ئەوەی بۆ كورد گرنگە یەك گوتاری و یەكڕیزی لایەنە سیاسییەكانە، چونكە عێراق و ناوچەكە لە مەترسییەكی گەورەدان، ئەو پەرتەوازییەی ئێستا لەنێو كورددا ھەیە مژدەبەخش نییە بۆ رێكخستنەوەی گوتاری كورد، ئەوەی جێگەی نیگەرانی ئێمەیە ھێشتا ئەنجامەكان رانەگەیەندرابوو، ھەندێك لایەنی كوردستان چوونە بەغداو لەگەڵ لایەنە شیعەكان گفتوگۆیان دەكرد".

ھ.م