یەكێتی دەیبەستێ و نایبەستێ

"ئەگەر كۆنگرە نەكات دەبێ گۆڕانكاریی بكرێت"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

لە دوای كۆچی دوایی مام جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی، بەستنی كۆنگرە بووەتە یەكێك لەو پرسانەی بەردەوام باسی لێوەدەكرێت، نزیك ساڵێكە بەشێك لە سەركردەكانی یەكێتی دەڵێن كۆنگرە دەبەستین و بەشێكی دیكەش دەڵێن دۆخەكە باش نییە نایبەستین.

بە گوتەی ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی، بڕیارە لە کۆبوونەوەی داھاتووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کاتی بەستنی کۆنگرە یەکلایی بکرێتەوە، بڕیار لەوە دەدرێت كە 25 تەموزی ئەمساڵ كۆنگرە دەبەستن یان بۆ دوای ھەڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دوادەخرێت، لە ئەگەری دواخستنیشی بۆ دوای ھەڵبژاردنەکان ئەوە یەکێتی پۆستە بەتاڵەکان پڕدەکاتەوە و گۆڕانکاری دەکات.

فەرید ئەسەرسەد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "لە كۆبوونەوەی رابردووی ئەنجوومەنی سەركردایەتی زۆرینە لەگەڵ ئەوەبوون پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆنگرە ببەستین، بڕیاردان لە دیاركردنی رۆژی كۆنگرە ھەڵگیراوە بۆ كۆبوونەوەی داھاتوو و له‌وێ یەكلایی دەكەینەوە".

به‌گوێره‌ی زانیارییەکانی کوردستان24 لە ئەگەری دواخستنی کۆنگرە بۆ دوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەوە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەكێتی جارێکی دیكە کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر گۆڕانکارییەکان دەدات، ئەویش بریتە لەپڕکردنەوەی ھەریەك لە پۆستەکانی دکتۆر بەرھەم ساڵح  و نەجمەدین کەریم  و ئازاد جندیانی، ھەروەھا گۆڕانکاریی لە پۆستی لێپرسراوی مەڵبەندەکان و تەنانەت سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسیشیەكانیش دەکرێت.

ھەر پەیوەست بە پرسی بەستنی كۆنگرەی یەكێتی ئەنوەر حوسێن، ئەندامی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی دەڵێت: "ئەوەی زۆر گرنگە یەكێتی ئیشی لەسەر بكات، ئەوەنییە كە لە چ كاتێك كۆنگرە بكات، بەڵكو ئەوەیە كە كۆنگرەیەكی سەركەتوو ببەستێ و ھەلومەرجی سیاسی ناوخۆیی و ناوچەیی لەبەرچاوبگرێت و ستراتیژی نوێ دابڕێژێت".

ئەنوەر حوسێن، گوتیشی: "ئەگەر كۆنگرەش نەبەستێ، یەكێتی دەتوانێ ئەو پۆستانەی مەكتەبی سیاسی كە بەتاڵن پڕیان بكاتەوە و كۆمەڵێك گۆڕانكاریی لە مەڵبەند و مەكتەبەكان بكات".

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، لەکاتی لەسەرکار نەمانی سکرتێری گشتی جا بەھەر ھۆكارێك بێت، دەبێت کۆنگرەی نائاسایی ببەسترێت و کاتی کۆنگرە دیاربکرێت، کەچی زیاتر لە ھەشت مانگە سکرتێری گشتی ئەو حزبە لەژیاندا نەماوە، به‌ڵام یەکێتی نەك ھەر کۆنگرەی نەکردووە، بەڵکو کاتی بەستنی کۆنگرەشی دیارنەکردووە.

ھ.م