پێش جەژن مووچەی ھەموو وەزارەتەكان دابەش دەكرێت

وەزیری دارایی بە فەرمی رایدەگەیەنێت

K24 - ھەولێر

وەزارەتی دارایی و ئابووری پێش جەژنی رەمەزان مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان دابەش دەكات بە وەزارەتی پێشمەرگەشەوە.

رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "پێش جەژنی رەمەزان تەواوی  مووچەی فەرمانبەران بە پێشمەرگەشەوە دابەش دەكەین".

بەپێی زانیارییەكانی كوردستان24 ، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و خودی نێچیرڤان بارزانی لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ بەغدا لەسەر خەت بووە، بۆ ئەوەی پێش جەژن حكوومەتی عێراق ئەو بڕە پارەیە بنێرێت كە مانگانە بۆ ھەرێمی كوردستانی دەنێرێت، بۆ ئەوەی پێش جەژن مووچەی ھەموو فەرمانبەر و پێشمەرگە و ھێزەكانی ناوخۆ دابەش بكرێت.

لەلایەكی دیكە شیلان شێخ جەعفەر، سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە و شەهیدان لە پەرلەمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "چەند رۆژێكە لەسەر مووچەی پێشمەرگە ھەموو لایەكمان لەسەرخەتین و پێش جەژن مووچەی پێشمەرگەش دابەش دەكرێت".

پێشتر وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، خشتەی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی زۆربەی وەزارەت و دامەزراوەكانی راگەیاندبوو كە پێش جەژن مووچەكانیان وەردەگرن، بەڵام نەبوونی ناوی پێشمەرگە لە خشتەكەدا نیگەرانی لێكەوتەوە.

ھ.م