تەلەڤزیۆنەكەی مەلا مەزھەر دەكرێتەوە

كاتی كردنەوەی دیار دەكرێت

K24 - ھەولێر

دوای وەرگرتنی بەڵێننامە لێی بڕیارە ئەمڕۆ كەناڵی سرووشت كە خاوەنەكەی مەلا مەزھەرە دەست بە پەخشی خۆی بكاتەوە، وەزارەتی رۆشنبیریش رایدەگەیەنێت، ئەگەر پابەندی رێنمایییەكان نەبێت كەناڵەكە دادەخەین.

محەمەد گەردی بەڕێوەبەری چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری بە كوردستان24 راگەیاند: "دوای ئەوەی بە بڕیاری وەزارەتی رۆشنبیری پەخشی كەناڵی سرووشتی مەلا مەزھەر، راگیرا، بەڵێنی داوە كە پابەندی رێنماییەكانی وەزارەتی رۆشنبیری بێت و جارێكی دیكە لە تەلەڤزیۆنەكەی تەشیھر نەكات و ناوی كەس نەزڕێنێ و شتێك نەكات كە دژی بەھا ئاكارییەكان بێت".

ئەوەشی خستەڕوو: "لەسەر ئەو بابەتە قسە لەگەڵ مەلا مەزھەر كراوە و بەڵێننامەی لێوەرگیراوە، كە ئەو جۆرە شتانە دووبارە نەبنەوە".

پێشتر وەزارەتی رۆشنبیری بەھۆی بڵاوبوونەوەی چەند گرتە ڤیدیۆەیەكی مەلا مەزھەر كە لە تەلەڤزیۆنەكەی خۆی بە نەرێنی باسی لە ژنانی كورد كردبوو بڕیاری داخستنی تەلەڤزیۆنەكەیاندا و وەك محەمەد گەردی ئەوەی خستەڕوو: "لە یەكێك لە گرتە ڤیدیۆكان مەلا مەزھەر ھانی پیاوان دەدات كە ھاوسەرگیری لەگەڵ ژنانی كورد نەكەن، یان بە ژنان دەڵێ داینەسۆر".

ھ.م