توركیا ته‌پڵی وێرانكردنی قه‌ندیل لێ ده‌دات
K24- هه‌ولێر:
مه‌ولود چاویش ئۆغلۆ دووپاتیكرده‌وه، كاتی ئه‌وه هاتووه بنكه و باره‌گاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان په‌كه‌كه له چیای قه‌ندیل له‌ناو ببه‌ین.
ئه‌م قسانه‌ی چاویش ئۆغلۆ له گوتارێكدا له ویلایه‌تی ئه‌نتاڵیا هاتوون و دووپاتیكرده‌وه، هێزه‌كانی توركیا له چیای قه‌ندیل ده‌چنه ناو په‌ناگه‌كانی په‌كه‌كه و ئه‌و چیایه به‌سه‌ر سه‌ری ئه‌واندا ده‌ڕوخێنێت و له‌گه‌ڵ زه‌وی راست ده‌كات.
هه‌روه‌ها چاویش ئۆغلۆ په‌كه‌كه و یه‌په‌گه‌ی به تیرۆریست ناوبرد و گوتی، "وه‌ك بینیتان چۆن له شاره‌كانی عه‌فرین، جه‌رابلوس و بابی باكووری سووریا چووینه ناو په‌ناگه‌كانی تیرۆریستان، ئێستاش كاتی ئه‌وه‌یه هه‌مان هه‌نگاو به‌ره‌و قه‌ندیل بنێین".
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا جه‌ختی كرده‌وه، "ستراتیژیه‌تی توركیا كار بۆ له‌ناوبردنی هه‌موو ئه‌و هه‌ره‌شانه ده‌كات كه ئاراسته‌ی وڵاته‌كه‌یان ده‌كرێن، جا ئه‌و هه‌ره‌شانه له هه‌ر كوێیه‌كی جیهان بن".
ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه سوپای توركیا به‌پاساوی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی په‌كه‌كه چه‌ندین كیلۆمه‌تر هاتوونه‌ته ناو ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و، به‌هۆی بۆردومانی فڕۆكه‌كان و ته‌قه‌ی سه‌ربازانی توركیا ترس و نیگه‌رانی له‌ناو گوند و ئاواییه‌كانی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه بڵاوبووه‌ته‌وه و خه‌ڵكی ناتوانن بچنه ناو ره‌ز و باخه‌كانیان.
H.B