ده‌میرتاش "خۆی ناچه‌مێنێ كۆتایی به سته‌م دێنێ"
K24 - هه‌ولێر:
سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاش، كاندیدی پارتی دیموكراتی گه‌لان "هه‌ده‌په" بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا، داوا له ده‌نگدەرانی توه‌ركیا ده‌كات رۆژی 24ـی حوزه‌یران ده‌نگگێك به هه‌ده‌په و ده‌نگێكیش به ده‌میرتاش بده‌ن.
ده‌میرتاش له زیندانه‌وه‌و له رێگه‌ی كه‌ناڵی TRT haber به زمانی توركی بۆ ماوه‌ی 10 خوله‌ك بانگه‌شه‌ی بۆ خۆی كرد و گووتی: "من بۆیه له زیندانم، چونكه پارتی داد و گه‌شه‌پێدان به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ردۆغان له من ده‌ترسن، به‌ڵام نه‌ک 10 مانگ، 20 ساڵیش له ناو زینداندا بمێنمه‌وه سه‌ری خۆم به‌رامبه‌ر به سته‌م نه‌وی ناكه‌م و هه‌ر كاتێك ئێوه ئازاد ببن منیش ئازاد ده‌بم."
ده‌میرتاش رایگه‌یاند: "به ده‌نگدانتان به ئاكه‌په و ئه‌ردۆغان، واتا له‌مه‌وپاش چاره‌نووسی وڵاته‌كه ده‌كه‌وێته ده‌ستی یه‌ك كه‌س و هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانى یاسایی و دادوه‌ری و به‌ڕێوه‌بردن له یه‌ك كه‌سدا كۆده‌بنه‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی بچووك بكات كه‌س ناتوانێت رایبگرێت، ئه‌وكاته‌ش چاره‌نووسی 81 ملیۆن كه‌س ده‌كه‌وێته به‌رده‌م ویژدانی یه‌ك كه‌س".
له مێژووی توركیادا و له جیهانیش وێنه‌ی نه‌بینراوه كه كاندیدێك له زیندانه‌وه خۆی بۆ سه‌رۆكایه‌تی وڵاته‌كه‌ی هه‌ڵبژیرێ، به‌ڵام ئه‌وه به‌سه‌ر ده‌میرتاشدا هاتووه‌و هێشتا سووره له‌سه‌ر به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌ردۆغان و ئه‌كه‌په ده‌ڵێت: "پێویسته خه‌ڵكی رۆژی ده‌نگدان له كارته‌كانی ده‌نگداندا داوای دیموكراسی بكه‌ن و ده‌نگێك به هه‌ده‌په و ده‌نگێكیش به ده‌میرتاش بده‌ن، تا وانه‌یه‌كی گه‌وره به ئه‌ردۆغان و ئاكه‌په بدرێت" و داوا ده‌كات بچنه سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگی خۆیان به‌كاربهێنن.
ده‌میرتاش له رێگه‌ی په‌یامه ڤیدیۆییه‌كه‌وه خۆی و هه‌ده‌په‌ی ناساند و گووتی: "پێش هه‌موو شتێك ئێمه مرۆڤین به كورد و تورك و ژن و گه‌نج و پیر و عه‌له‌وی و سونییه‌وه. رقمان ته‌نها له چه‌وساندنه‌وه و سته‌مكارییه، له بیرتان نه‌چێت تۆى ده‌نگده‌ری ده‌توانیت هه‌موو شت بگۆڕیت، جا وه‌ره پێكه‌وه بیگۆڕین و هه‌موومان بیبەینه‌وه".
رۆژی 24/6/2018 هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی و سه‌رۆكایه‌تی له توركیا به‌ڕێوه ده‌چێت و پارته‌كه‌ی ئه‌ردۆغان له هه‌وڵدایه رێگه له هه‌ده‌په بگرێت تا به‌ربه‌ستی 10% تێنه‌په‌رێنێ و ئه‌وه‌ش له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌ردۆغاندا ئاشكرا بوو كاتێك داوای ده‌كرد هه‌موو رێگایه‌ك بۆ رێگه‌گرتن له هه‌ده‌په به‌كاربهێنرێت.
هاوكاتی په‌یامه‌كه‌ی ده‌میرتاش، هەزار کەس ئاهەنگێکییان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە ئیستانبوڵ ئەنجامدا.
لە ئاهەنگەکەدا هەریەک لە پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە و ئەحمەد تورک، کاندیدی هەدەپە لە ئیستانبوڵ گوتاریان پێشکەش کرد و تیایدا داوایان لە هاووڵاتیان کرد لە هەلبژاردنەکاندا دەنگ بە هەدەپە و سەڵاحەدین دەمیرتاش بدەن.
هەر لە ئاهەنگەکەدا پەیامی سەڵاحەدین دەمیرتاش، کاندیدی هەدەپە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە رێگەی شاشەیەکی گەورەوە پێشکەش کرا.
بەشێک لە هاووڵاتیانی بەشدار لە ئاهەنگەکەی هەدەپە لە ئیستانبوڵ بۆچوونی خۆیان لەبارەی پەیامەکەی سەڵاحەدین دەمیرتاش، کاندیدی هەدەپە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا دەربڕی و پەیامەکەی دەمیرتاشیان بۆ داهاتووی تورکیا و چارەسەرکردنی کێشەکان بە گرنگ ناوبردووه.
سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاش، هاوسه‌رۆكی پێشووی هه‌ده‌په‌ش كه خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆككۆمار كاندید كردووه، به تۆمه‌تی هاوكاریكردنی په‌كه‌كه له 4/11/2016ـه‌وه زیندانیی كراوه و رێگه‌ی پێ‌نادرێت وه‌ك كاندیدێكی ئاسایی بانگه‌شه بۆ خۆی بكات.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئه‌ردۆغان له كه‌مپینێكی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا داوای سزادانی ده‌میرتاشی كرد و لایه‌نگرانیشی داوای له سێداره‌دانیان ده‌كرد.