سەرجەم پێشبینییەکان ئاوەژوو بوونەتەوە و هەڵبژاردە گەورەکان لە مۆندیال خراپ دەستیان پێکرد

یەکەمجارە لە مۆندیال هیچ یەکێک لە بڕازیل و ئەڵمانیا و ئارجێنتینا لە یەکەم یارییان سەرکەوتن بەدەست نەهێنن

پێش ئەوەی مۆندیال دەستپێبکات، بڕازیل و ئەڵمانیا و ئارجێنتینا و ئیسپانیا بەربژێری سەرەکی بوون بۆ ئەوەی نازناوی مۆندیالی 2018 بەدەست بهێنن، کەچی هەر سێ هەڵبژاردەکە لە یەکەم یارییان نەیانتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنن و گومانیان خستە سەر ئاست و توانایان بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە.

بڕازیل و ئەڵمانیا و ئارجێنتینا شازدە جار بەیەکەوە بەشداریی مۆندیالیان کردووە، بەڵام یەکەمجارە هەر سێ هەڵبژاردەکە نەتوانن لە یەکەم یارییان لە مۆندیالدا بەیەکەوە هیچ سەرکەوتنێک بەدەست بهێنن.

بەگوێرەی پێشبینی ئاژانسی ئۆپتا بۆ مۆندیالی 2018 ئەڵمانیا بەربژێری یەکەمە، کەچی ئەڵمانیای پاڵەوانی مۆندیالی رابردوو لە یەکەم یاریی بەرامبەر مەکسیک شۆک بوو، کاتێک بە گۆڵێکی بێبەرامبەر تووشی شکست بوو، لەوەتەی مۆندیالی 1982 یەکەمجارە مانشافت لە یەکەم یاریی تووشی شکست بێت، سێیەم مۆندیالە لەسەر یەکتری پاڵەوانی پێشوو ناتوانێت لە یەکەم یاریی تووشی شکست دێت.

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی کۆمپانیای دارایی گۆڵدمان ساکس، بە پشتبەستن بە ئاماری سەرجەم هەڵبژاردەکان بڕازیل بەربژێری سەرەکییە بۆ بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالەکە، کەچی بڕازیلیش لە یەکەم یاریدا ئاستێکی دڵخۆشکەری پێشکەش نەکرد، لەوەتەی مۆندیالی 1978وە بۆیەکەمجار سێلیساو نەیتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و بە گۆڵێک لەگەڵ سویسڕا یەکسان بوو.

ئارجێنتینا سەرەڕای ئەوەی لە یاریی یەکەمی 27 شووتی ئاڕاستەی گۆڵی ئایسلەندا کرد و تاکو ئێستا تاکە هەڵبژاردەیە لە مۆندیالی رووسیا ئەوەندە شووتەی لە یارییەک کردبێت، کەچی مێسی و هاوڕێکانی نەیانتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنن و بە گۆڵێک لەگەڵ ئایسلەندا یەکسان بوون.

پێش ئەوەی مۆندیال دەستپێبکات بەگوێرەی توێژینەوەیەکی زانکۆی دۆرتمۆندی ئەڵمانی ئیسپانیا بەربژێری یەکەم بوو بۆ بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالی رووسیا، بەڵام دوای لەسەرکارلادانی جولیان لۆپیتێخی لاڕۆخا نەیتوانی لە پۆرتوگال بباتەوە و ماتادۆرەکانیش لە یەکەم یارییان لە سەرکەوتن بێبەش بوون، بە سێ گۆڵ لەگەڵ پۆرتوگال یەکسان بوون.