به‌ ڤیدیۆ.. بۆ یه‌كه‌مجار له‌ مۆندیال شێخێکی عه‌ره‌ب گۆڵێکی بە ناوبژیوان رەتکردەوە

بۆیەکەمجار بە بڕیارێکی سیاسی گۆڵێکی مۆندیال رەتکرایەوە
kurdistan24.net

لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا لە مۆندیالی ١٩٨٢ شێخێکی کوێتی بووە هۆی ئەوەی گۆڵێک رەتبکرێتەوە، لە یاریی نێوان کوێت و فڕەنسا دوای ئەوەی ناوبژیوان گۆڵێکی هەژمارکرد، شێخ فەهد ئەحمەدی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوکاتی کوێت هاتە ناو یاریگە و هەڕەشەی ئەوەی کرد ئەگەر گۆڵەکە رەتنەکرێتەوە هەڵبژاردەی کوێت لە مۆندیالەکە دەکشێتەوە، کە تاکە جار بوو کوێت بەشداریی مۆندیال بکات

لە مۆندیالی ١٩٨٢ بۆیەکەمجار کوێت بەشداریی یارییەکانی مۆندیالی کرد، کوێت جگە لەو جارە هیچ جاری دیکە نەگەیشووەتە مۆندیال، کوێت لە قۆناخی کۆمەڵەکانەوە ماڵئاوایی کرد و تەنیا خاڵێکی بەدەستهێنا، لەگەڵ چیکوسلۆڤاکیا بە گۆڵێک یەکسان بوو.

لە دووەم یاریی خۆی لە مۆندیالی ١٩٨٢، کوێت رووبەڕووی فڕەنسا بووەوە، یارییەکە بە ئامادەبوونی زیاتر لە ٣٠ هەزار هاندەر لە یاریگەی خۆسێ زۆریلا لە ڤەلەدوەلید بەڕێوەچوو، مێشیل پلاتینی لەم یارییەدا سەرکردایەتی کەڵەشێرەکانی دەکرد.

دوای ئەوەی فڕەنسا بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بە سەرکردایەتی پلاتینی بە پێش کەوت، ئالان جیرێسی هێرشبەری فڕەنسی گۆڵی چوارەمی بۆ فڕەنسا کرد، بەرگریکارانی کوێت گوێیان لە دەنگی فیکەیەک بوو بۆیە کاتێک گۆڵەکە تۆمارکرا وەستابوون، ناوبژیوان گۆڵەکەی هەژمارکرد ئەمش بووە هۆی تووڕەبوونی شێخ فەهد ئەحمەد جابری سەۆرکی ئەوکاتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوێت و شێخ فەهد هاتە ناو یاریگە و یارییەکەی وەستاند.

شێخ فەهد داوای رەتکردنەوەی گۆڵەکەی کرد و هەڕەشەی ئەوەی کرد ئەگەر گۆڵەکە رەتنەکرێتەوە یاریزانانی کوێت لە یارییەکە دەهێنێتە دەرەوە و لە مۆندیال دەکشێنەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بۆ ماوەی چەند خولەکێک یارییەکە بوەستێت.

میرۆسلاڤ ستوباری ناوبژیوانی ئۆکراینی کە یارییەکەی فڕەنسا و کوێتی بەڕێوە دەبرد، دوای گفتوگۆکردنی لەگەڵ یاریدەدەرەکەی بڕیاری دا ئەو گۆڵە رەتبکاتەوە، بۆیەکەمجار لە مێژووی مۆندیال بە بڕیارێکی سیاسی گۆڵێک لە مۆندیال رەتکرایەوە.

سەرەڕای رەتکرانەوەی گۆڵەکەی جیرێس، بەڵام فڕەنسا گۆڵێکی دیکەی تۆمارکرد و بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەی لە کوێت بردەوە و کوێت لە یاریی سێیەمیشی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بە ئینگڵاند دۆڕا و ماڵئاوایی کرد، ناوبژیوانە ئۆکراینییەکەش بەهۆی رەتکردنەوەی گۆڵەکەی فڕەنسا سزادرا.