ئیسرائیل جارێکی دیکە هێرشی کردەسەر سەربازانی ئێران لە سووریا

دوو مووشه‌كی ئاراسته‌ی ده‌وروبه‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی دیمه‌شق كردووه‌

K24 - هه‌ولێر:

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی سانای حکوومەتی سووریا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ (26/06/2018)، فڕۆکەکانی سوپای ئیسرائیل دوو مووشەکیان ئاراستەی ناوچەکانی نزیک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق کردووە .

لە لایەکی دیکەوە، روانگەی سووریی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای کردووە، سیستەمی بەرگری ئاسمانی سووریا نەیتوانیوە بەر بەو دوو مووشەکە بگرێت پێش کەوتنەخوارەوەیان پووچەڵیان بکاتەوە.

لە هەواڵەکەی روانگەی سووری هاتووە: "مووشەکەکان جبەخانەی میلیشیا دەرەکییەکانی سووریایان کردۆتە ئامانج کە دەکەونە نزیک فرۆکەخانەی دیمەشق".

لەبارەی ئەو هێرشە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز پەیوەندی کردووە بە وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، بەڵام ناوبراو تەنها گوتوویەتی: "ئێمە لێدوان لەسەر ئەو جۆرە هەواڵانە نادەین".

ئیسرائیل چەندین جار هەڕەشەی لە میلیشیاکانی ئێران لە سووریا کردووە و هێرشی کردوونەتە سەر، تارانیش رەتیدەکاتەوە سوپاکەی لە سووریا بکشێنێتەوە.