مەسروور بارزانی: پێویستە دۆسێی ئەمنی ناوچە کوردستانیەکانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم بە هەماهەنگی به‌ڕێوه‌بچێت

راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و جێگری فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا كۆبوونه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

مەسرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: "پێویستە دۆسێی ئەمنی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە هەماهەنگی گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرێوە بچێت".

ئەمرۆ سێشه‌ممه‌ 26/6/2018 مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان له‌ میانی دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ جەنەراڵ وۆلتر پایێت، جێگری فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا و شاندی یاوەری، دوایین پەرەسەندەکانی ناوچەکە و پێشخستنی زیاتری میکانیزمی هەماهەنگی نێوان هێزه‌ پەیوەندیدارەکان و روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی هەڕەشەكانی تیرۆریزمیان تاوتوێ كردووه‌.

مەسروور بارزانی، وێڕای جه‌ختكردنه‌وه‌ له بایه‌خ و گرینگی ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و هاوکاریی زیاتری هێزی پێشمەرگە بۆ رێگریكردن له‌ جموجۆڵ و روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆریستان، ئاماژەی بەوەدا: "پێویستە دۆسیەی ئەمنی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە هەماهەنگی گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرێوە بچێت.

لە بەرامبەردا جێگری فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان، هه‌ماهه‌نگیی نێوان هاوپه‌یمانان و پێشمه‌رگه‌ی لە جەنگی دژ بە تیرۆریستان به‌رز نرخاند و دووپاتی کردەوە، هێزەکانی هاوپەیمانان لە هاوکاریی و مەشق و پاڵپشتیكردنی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبن.