يه‌كێتى له كه‌ركووك هۆشدارى له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش ده‌دات
K24 – هه‌ولێر:
يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان، له شارى كه‌ركووك هۆشدارى له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى داعش ده‌دات و به‌رپرسيارێتى پاراستنى ره‌وشى ئه‌منى ده‌خاته ئه‌ستۆى حكومه‌تى به‌غدا و هێزه ئه‌منييه‌كانى و هه‌ڕه‌شه‌ى گرتنه به‌رى رێككارى ديكه ده‌كات، ئه‌گه‌ر وه‌ڵام نه‌درێنه‌وه.
له يادداشتێكدا كه وێنه‌يه‌كى ده‌ست كوردستان24 كه‌وتووه، مه‌ڵبه‌ندى دووى يه‌كێتى له كه‌ركووك رايگه‌ياندووه، "به‌ته‌واوی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان راده‌گه‌ێنین، ماوه‌یه‌كه جموجۆڵ و كرده‌وه تیرۆریستیيه‌كانی (داعش) وه‌كو كوشتن و رفاندنی هاووڵاتیان به‌ئاشكرا و نهێنی له په‌ره‌سه‌ندندایه له سنووری ناوچه جێناكۆكه‌كان به‌گشتی و پارێزگای كه‌ركوك به‌تایبه‌تی".
هه‌روه‌ها هاتووه: "بۆیه لێره‌وه ئاگادارتان ده‌كه‌ینه‌وه پاراستن و سه‌لامه‌تی سه‌روماڵی هاووڵاتیانی ئه‌م سنووره له ئه‌ستۆی حكومه‌تی ناوه‌ند و ئه‌و هێزه چه‌كدارانه‌دایه، كه له ئێستادا به‌رپرسیارێتی دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوچه‌كه‌یان له ئه‌ستۆ دایه".
هه‌روه‌ها هاتووه: "ئه‌م بار‌و دۆخه ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێ، كه هێزه ئه‌منیيه‌كان و سوپای عێراق توانای پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیانی كه‌ركوك و ناوچه جێ ناكۆكه‌كانی نییه".
له‌و چوارچێوه‌يه‌دا مه‌ڵبه‌ندى يه‌كێتى له كه‌ركووك داوايكردووه، "حكومه‌تی عێراق ته‌واوی تواناكانی بخاته كار بۆ رێگه‌گرتن له هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆرستان و پاراستنی سه‌روماڵی هاووڵاتیان، له ناو شار‌و قه‌زا و ناحیه و گونده‌كان".
هه‌روه‌ها داواشيكردووه، "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌خلاقی ته‌واوی تواناكانی به‌كاربێنێ بۆ ئه‌وه‌ی رێگری بكرێت له دروستبوونی كاره‌ساتی مرۆیی له‌م ناوچانه‌دا".
له به‌شێكى ديكه‌ى يادداشته‌كه‌دا يه‌كێتى له كه‌ركووك پێشنيازى درووستكردنى هێزى هاوبه‌شى كردووه و له يادداشته‌كه‌دا هاتووه: "حكومه‌تی عێراق و هه‌رێم به‌هه‌ماهه‌نگی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، رێكبكه‌ون له سه‌ر دروستكردنی هێزی هاوبه‌ش له (پێشمه‌رگه و سوپای عێراق و ده‌زگا ئه‌منیيه‌كان) بۆپاراستنی خه‌ڵكی ته‌واوی سنووره‌كه‌مان".
له كۆتايى يادداشته‌كه‌دا مه‌ڵبه‌ندى يه‌كێتى له كه‌ركووك هه‌ڕه‌شه‌ى كردووه و تێيدا هاتووه: " به هه‌موو لایه‌كی راده‌گه‌يه‌نین، ئه‌گه‌رچاره‌سه‌ری خێرا و ریشه‌یی بۆئه‌م بارودۆخه نه‌كرێ؛ ناچار ده‌بین بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، په‌نا بۆ گوشاری جه‌ماوه‌ری ببه‌ین و پاڵپشت به‌خه‌ڵكی شاره‌كه‌مان، رووبه‌ڕووی هه‌رپیلانگێڕی و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بوه‌ستینه‌وه".
له 16ى ئۆكتۆبه‌ردا، به‌شێك له به‌رپرسانى يه‌كێتى فه‌رمانيان به هێزى پێشمه‌رگه كرد پاشه‌كشێ بكه‌ن. ئه‌و رووداوه له لايه‌ن سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان و به‌شێكى سه‌ركرده‌كانى يه‌كێتييه‌وه به "خيانه‌تى شازده‌ى ئۆكتۆبه‌ر" ناوبرا. ژماره‌يه‌ك له سه‌ركرده‌كانى يه‌كێتيش به تێوه‌گلان له "خيانه‌ت" تۆمه‌تبار كران.
ئ.ر