تەرمی گەنجێك بە خنكاوی لە مزگەوتێكی پێنجوێن دۆزرایەوە

لە دوو رووداوی جیادا دوو كەسی دیكە گیانیان لەدەستدا

K24 - سلێمانی

لە یەكێك لە مزگەوتەكانی شارۆچكەی پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی، تەرمی كەسێك بە خنكاوی دۆزرایەوە.

لوقمان لەتیف، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی نەخۆشخانەی شەهیدانی پێنجوێن بە كوردستان24 راگەیاند: "کاتژمێر 8ی سەر لەبەیانی ئەمڕۆ 27/6/2018، تەرمی گەنجێکیان هێنایە نەخۆشخانەکەمان کە لە مزگەوتی ئەبوبەكری سدیق لە  شارۆچکەی پێنجوێن بە خنکاوی دۆزراوەتەوە، لە بەشی پزیشكی دادوەری كاری پێویستی بۆكراوە و تەرمەكە رادەستی كەسوكاری كرایەوە".

گوتیشی: "ئەو گەنجە بەناوی (م.ك.ع) تەمەنی 17 ساڵە و تەرمەكەی بە ھەڵواسراوی لەناو مزگەوتەكە دۆزراوەتەوە، بە گوێرەی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان پێدەچێت خۆی خنكاندبێت".

ئاشكراشی كرد: "لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێری رابردوو ئەمە دووەمین حاڵەتی خنکانە لەو سنوورە روودەدات، ھاووڵاتییەكی دیكەش بەھۆی كەوتنە ناو حەفری ئاوی کشتوکاڵی لە گوندی كوێسەی سەر بە ناحییەی گەرمكی قەزای پێنجوێن گیانی لەدەستداوە".

بەرپرسی بەشی راگەیاندنی نەخۆشخانەی شەهیدانی پێنجوێن، ئاماژەی بەوەشدا: "دوو رۆژ لەمەوبەریش ژنێك لە پێنجوێن خۆی سووتاندووە و گیانی لەدەستدا. واتە لەماوەی سێ رۆژدا سێ كەس لە سێ رووداوی جیادا لە سنووری قەزای پێنجوێن گیانیان لەدەستداوە".

ھ.م