ھەوڵی وەرگرتنەوەی متمانە لە روحانی دەدرێت

مۆڵەت بە حەسەن روحانی دەدرێت
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لەگەڵ زیادبوونی ناڕەزاییەكان لەدۆخی ئابووری ئێران، دەنگۆی وەرگرتنەوەی متمانە لە كابینەی حەسەن روحانی و خودی خۆشی زیادیكردووە، ژمارەیەك پەرلەمانتار واژوویان بۆ وەرگرتنی متمانە لە ھەندێك وەزیر كۆكردووەتەوەو مۆڵەتێكی دیاریكراویشیان بە حەسەن روحانی داوە كە دۆخەكە كۆنترۆڵ بكات.

گەمارۆ نوێكانی واشنتن بۆسەر تاران داھاتووی سەرۆككۆماری ئێرانیشی نادیاركردووە، بەرادەی دابەزینی نرخی تومەن نرخی كاڵاكانیش بەرزدەبنەوە، لە زۆربەی شارەكان خەڵك خۆپێشاندانەكانیان دەستپێكردووە، بۆ ھۆكارەكانیش پەنجەكان ھەمووی لەسەر حەسەن روحانی سەرۆككۆماری ئێرانن. سەرەتای ئەم ھەفتەیە ئەمیر خوجەستە سەرۆكی فراكسیۆنی رێگریكردن لە گەندەڵی دارایی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاندبوو، پەرلەمانتاران 15 رۆژ كات بە روحانی دەدەن، كە رێكاری پێویستی بۆ دەربازبوون لەو دۆخە بدۆزێتەوە، پەرلەمانتارە بناژۆخوازەكان ھەڕەشەی ئەوە دەكەن، كە سەرۆككۆماری ئێران بانگی پەرلەمان بكەن،و تەنانەت متمانەشی لێوەربگرنەوە. لەو ھەڵوێستانە تووندتریش ھەبوو، رەحیم سەفەوی، راوێژكاری باڵای رێبەری ئێران بۆ كاروباری سەربازیش رایگەیاندووە "ئەگەر حكوومەت نەبووایە، ئێران باشتر بەرێوەدەچوو".

بناژۆخوازەكان و بەشێكی بەرچاو لە سوپای پاسداران ھەنگاوی كرداریشیان دەستپێكردووە، ئێستا 50 پەرلەمانتار واژۆیان بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە وەزیری دارایی كابینەكەی رۆحانی كۆكردووەتەوە، چاودێران دەلێن لادانی وەزیری دارایی سەرەتای كۆتایی ھاتنی كابینەكەی حەسەن رۆحانییە.

ھەڕەشەی لادانی حەسەن روحانی، پێشتر لە بەرزترین دەسەڵاتی ئێرانیش كراوە، عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران داوای لە روحانی كردبوو كە بە رێگەیەكدا نەڕوات كە پێشتر بەنی سەدر پێیدا رۆیشتووە.

ھ.م