عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان به‌ پاڵپشتی حه‌شد زه‌وی جووتیارانی كورد داگیر ده‌كه‌ن

حەشدی شه‌عبی هاوكارییان ده‌كه‌ن.. جووتیاره‌ كورده‌كان هۆشداری له‌ خوێنڕشتن ده‌ده‌ن

K24 - كه‌ركووك:

فشاری عەرەبە هاوردەکان, بەهاوکاری حەشدی شه‌عبی بۆ سەر جووتیارانی کورد, لە سنووری پارێزگای کەرکووک بەردەوامە، ئامانجيش لێی داگیرکردنی زەوییەکانیانە.

لە بەرامبەریشدا جووتیارانی کورد، رەتیدەکەنەوە زێدی باب و باپیرانیان جێ بهێڵن، هۆشداری ئەوەش دەدەن، لە ئەگەری پشتگوێخستنی زیاتری کێشەکە, دوور نییە شەڕ و خوێنڕشتنیش رووبدات،  سەرۆکی یەکێتی جووتیارانی کەرکووکیش داوادەکات, هێزە ئەمنییەکان خۆیان لە کێشەکە بەدوور بگرن، لەبڕی ئەوان دادگا رۆڵی خۆی بگێڕێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

ئه‌و رووداوانه‌ له‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ه‌وه‌ ده‌ستییان پێكردووه‌، كاتێك گرووپێكی دیاریكراوی ناو حزبێك، به‌ رێككه‌وتنی ژێربه‌ژێر، كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی راده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌ عێراقییه‌كان كرده‌وه‌.

ا. م