بەرپرسێكی یەكێتی دەستی لەكاركێشایەوە

باسی دەستێوەردان و بێ ئەزموونی دەكات

K24 - سلێمانی

بەرپرسی نووسینگەی  جێگری سکرتێری یەکێتی لە نامەیەكدا كە ئاراستەی كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی كردووە، دەست لەكاركێشانەوەی خۆی راگەیاندووە و ئاماژە بەوەشدەكات لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەستێوەردان لە كارەكانی كراوە.

بەپێی نامەیەك كە وێنەیەكی دەست كوردستان24 كەوتووە. جوتیار جەبار، بەرپرسی نووسینگەی  جێگری سکرتێری یەکێتی دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستەكەی راگەیاندووە و ئەوە دەخاتەڕوو: "ماوەی نیوسەدە لەخەبات وتێکۆشان  لەریزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و قوربانیدان و ئەزیەت و ماندووبوون و شەونخونیم لەگەڵ بەڕێزتان بەتایبەت، بەبێ‌ گوێدان بە دەستكەوت و پلە و پایە، كە خۆت ئاگاداری شەونخونی منی لەپێناو ئەو خاكە پیرۆزەدا".

ئەو نامەیە كە ئاراستەی كۆسرەت رەسوڵ، كراوە تێیدا ھاتووە: "لێرەوە بە بەڕێزتان رادەگەیەنم بەدەست لەكاركێشانەوەم لەبەرپرسی نووسینگەی بەڕێزتان لەمەكتەبی سیاسی بەهۆكاری دەستێوەردان لەئەركەكانم لەلایەن كەسێكی دیاریكراوی بێ‌ ئەزموون. ئەوەش پێشێلێكی تەواوی ماندوبوون و رەنجەكەمە بەو شێوەیە پاداشتم دەدرێتەوە".

ئەوە لەكاتێكدایە لەماوەی ئەم دووساڵەی دواییدا بەتایبەتی پاش كۆچی دوایی مام جەلال، سكرتێری گشتی یەكێتی. بەرھەم ساڵح، جێگری سكرتێری یەكێتی و ژمارەیەك لە سەركردە و بەرپرسانی باڵای ئەو حزبە دەستیان لەكاركێشاوەتەوە، بەشێك لەوانەش لەگەڵ بەرھەم ساڵح، ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریان دامەزراندووە.

ھ.م

دەقی نامەی دەست لەكاركێشانەوەی جوتیار جەبار، بەرپرسی نووسینگەی  جێگری سکرتێری یەکێتی
دەقی نامەی دەست لەكاركێشانەوەی جوتیار جەبار، بەرپرسی نووسینگەی جێگری سکرتێری یەکێتی