"یەكێتی ھەوڵی دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەدات"

گۆڕان: دواخستن متمانەی خەڵك بە پرۆسەی دیموكراسی و ھێزە سیاسییەكان لەق دەكات
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان رای جیاوازیان ھەیە لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە گونجاوی دەزانێت ھەردوو ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و پەرلەمانی كوردستان پێكەوە بەڕێوەبچن، ھەر یەك لە گۆڕان و یەكگرتووش دەڵێن، پێویستە ھەڵبژاردن لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت.

کات نزیك دەبێتەوە لەو وادەی کە دیاریکراوە، بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، تائێستا بەفەرمی لایەنە سیاسییەکان باسیان لەدواخستنی وادەکە نەکردووە، بەڵام باس لەوە دەکرێت کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لەھەوڵی ئەوە دایە وادەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوابخات. بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کوردستان24 کەوتووە "مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبوونەوەیەکی دوور لەچاوی میدیا ئەنجامداوە و تێیدا تاوتوێی دواخستنی وادەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانیان کردووە و داوایان کردووە کە لە 30 ئەیلوولی ئەمساڵ لەبری ھەڵبژاردنی پەرلەمان، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەڕێوە بچێت" ئەندامێکی لیژنەی باڵای مەکتەبی رێکخستنی یەکێتیش دەڵێت، ھەڵوێستی فەرمی یەکێتی ھێشتا رانەگەیەندراوە، بەڵام پێیان باشە ھەردوو ھەڵبژاردنەکە لەیەك کاتدا بەڕێوە بچێت.

فەھمی بورھان، ئەندامی لیژنەی باڵای مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی بە كوردستان24 راگەیاند: "ھەتا ئێستا یەكێتی قسەیەكی فەرمی نەكردووە، لەسەر بەڕێوەچوونی ھەردوو پرۆسەی ھەڵبژاردنی داھاتوو لە كوردستان، ھەر داوایەكی یەكێتی دەبێ گوتەبێژی فەرمی بیكات. من پێموایە دەبێ ھەردوو ھەڵبژاردنەكە پێكەوە ئەنجامبدرێن، بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان لەوە زیاتر ماندوو نەكرێت، ھێشتا ھەوڵەكانی ئۆپۆزسیۆن بۆ فەرمۆشكردنی دەنگەكانی كەركووك برینەكانی ساڕێژ نەبوونە، ھەروەھا كێشەكانی كەركووك و خانەقین و مەخموور و شنگال چارەسەر نەبوونە، ھەركاتێك ئەو برینانە ساڕێژبوون پێویستە قسەیەكیش لەوە بكرێت، كە ھەڵبژاردنەكان بە جیا بكرێن".

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش ھەرچەندە ناڕازییە لە ئەنجامی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە 12ی ئایاری ئەمساڵ بەڕیوە چوو، بەڵام ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەو حزبە دەڵێـت، باشتر وایە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت و ھەر ھەوڵێکیش بۆ دواخستنی ھەبێت لەکاتی خۆیدا ھەڵوێستیان دەبێت. 

لەوبارەوە محەمەد ئەحمەد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێت: "وەك یەكگرتوو پێمان خۆشە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەكاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت و دوانەخرێت، ئەوەی كە پێویستە ئامادەكاری بۆكراوە، ئەوەی دیكە دەكەوێتە سەر كۆمسیۆن و پەرلەمان".

بزووتنەوەی گۆڕان، جەخت دەکاتەوە لەوەی کە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، ئەندامێکی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەکەش رایدەگەیەنێت، خەباتی ئەوان بۆ ئەوەیە کە ھەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت.

عەبدولرەزاق شەریف، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە كوردستان24 گوت: "خەباتی ئێمە بۆ پرۆسەی دیموكراسییە و ھەموو بابەتە دیموكراسییەكان و ھەڵبژاردن لەناویدا لەكات و ساتی خۆیدا بكرێت، دواخستن و درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، متمانەی خەڵك بە پرۆسەی دیموكراسی و ھێزە سیاسییەكان لەق دەكات".

پەرلەمانی کوردستان مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2017، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی خۆی بۆ ماوەی ساڵێك درێژکردەوە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لە 8 ئایاری ئەمساڵ وادەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دیارکردو رۆژی 30ی ئەیلوول بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان  دیارکرا، کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانیش ئامادەکاری تەواوی کردووە، بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکە لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا.