لە كەركووك دەستڕێژی گولـلە لە ماڵێكی كورد كرا

خاوەن ماڵەكە بریندارە و كورەكەشی رفێندراوە

K24 - كەركووك

درەنگانی شەوی رابردوو لە گەڕەكی نەسری شاری كەركووك، ژمارەیەك چەكدار دەستڕێژی گولـلەیان لە ماڵێكی كورد كرد و خاوەن ماڵەكە بە سەختی برینداربووە و كوڕەكەشی لەلایەن ئەو چەكدارانەوە رفێندراوە.

پەیامنێری كوردستان24 لە كەركووك رایگەیاند: "شەوی رابردوو ماڵی هاووڵاتییەکی کورد بەناوی کازم رەئوف، لە گەڕەکی نەسری شاری کەرکووك لەلایەن ژمارەیەك چەکدارەوە، درایە بەر دەستڕێژی گوولـلە و لە ئەنجامدا ناوبراو بەسەختی برینداربوو، بۆ چارەسەر گەیەندرایە نەخۆشخانە و باری تەندروستی ناجێگیرە".

نەسرین محەمەد، ھاوسەری كازم، بە پەیامنێری كوردستان24 راگەیاند: "ئەو چەکدارانەی هاتنە سەر ماڵمان دەموچاویان داپۆشرابوو، سەرەتا نەمانزانی سەر بە كام ھێزن، دواتر زانیمان كە ئەوانە پۆلیسی فیدراڵی بوونە لە كەركووك. ویستویان لەسەر دیواری حەوشەی مالەكەمان بێنە ژوورەوە، ھاوسەرەكەشم نەیزانی كە ئەو چەكدارانە كێن و تەقەی لێكردن، ئەوانیش دەستڕێژی گولـلەیان لە ماڵەكەمان كرد و ھاوسەرەكەم برینداربوو، ئێستا لەژێر چاودێری پزیشكیدایە و هێزە ئەمنییەکانیش دەستبەسەریان کردووە و كوڕەكەشمیان رفاندووە، ھەروەھا ئەوچەکدارانە پارەو مۆبایل و کامێرای چاودێری ماڵەکەشیان بردووە".

ھ.م

كازم رەئوف، ئەو كەسەی شەوی رابردوو بە دەستی ژمارەیەك چەكدار بریندار كرا
كازم رەئوف، ئەو كەسەی شەوی رابردوو بە دەستی ژمارەیەك چەكدار بریندار كرا