ئێران چاوی له‌ ده‌ستی ئه‌وروپایه‌

رۆحانی ده‌چێته‌ سویسرا و ئۆستریا، به‌ڵام ئایا ئەوروپا دەتوانێت ئێران لە چنگی ئەمەریکا رزگار بکات؟

K24 - هه‌ولێر:

بڕیارە حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەم هەفتەیە سەردانی وڵاتانی سویسرا و ئۆستریا (نەمسا) بکات بەمەبەستی بە دەستهێنانی گەرەنتی ئەوروپییەکان بۆ زیندوو هێشتنەوەی رێککەوتنامەی ئەتۆمی ئێران لە دوای دوورکەوتنەوەی ئەمەریکا.

یەکێکی دیکەش لە هۆکارەکانی سەردانەکەی رۆحانی بۆ سنووردارکردنی ئەو زیانانە دەگەڕێتەوە کە ئەمەریکا بە نیازە لە رێگای سزا ئابورییەکان بە ئێرانی بگەیەنێت.

ئێستا سەرۆکایەتیکردنی یەکێتی ئەوروپا بۆ ماوەی شەش مانگ چۆتە لای ئۆستریا (سەرۆکی یەکێتی ئەوروپا هەر شەش مانگ جارێک دەگۆڕدرێت و ئەو پۆستە لە نێوان ئەندامانی یەکێتییەکە ئاڵۆگۆڕی پێدەکرێت)، هەروەها سویسراش نوێنەری بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکایە لە ئێران بەوەی واشنتن و تاران لەبەر کێشە سیاسییەکان، پەیوەندی راستەوخۆیان نییە.

چاوەڕواندەکرێت لە چەند مانگی داهاتوو، سزا ئابورییەکان کە سیستەمی پێدانی پارەی نێودەوڵەتی و هەناردەی نەوت دەگرێتەوە، دووبارە بۆ ئێران بگەڕێندرێنەوە، بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی دۆیچە ڤێلەی ئەڵمانیش، لە ئێستادا کۆمپانیاکانی وزەی تۆتاڵ و سیترۆین لە ئێران کشاونەتەوە، کۆمپانیای بواری ئۆتۆمبێلی فەرەنسیش، پیژۆ، نیازی هەیە لە ترسی سزاکانی ئەمەریکا لە ئێران بکشێتەوە.

فیلیپ وێڵتی، باڵیۆزی پێشووی سویسرا لە ئێران و سەرۆکی ژووری بازرگانی نێوان سویسرا و ئێران، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی سویس دەیلی رایگەیاند: "سەردانەکەی رۆحانی وەک سیمبول گرنگە بۆ هەردوولا، بەڵام ئەگەرێکی زۆر زیاتری هەیە بازرگانانی سویسرا لایەنی ئەمەریکا بگرن لەم بابەتەدا".

ئایا ئۆستریا دەتوانێت ئێران رزگار بکات؟

مەهدی قودسی، ئەندامی پەیمانگای توێژینەوەی ئابووری نێودەوڵەتی لە ڤییەنا، لە بارەی هەڵوێستی ئەوروپا بۆ پرسی ئێران رایگەیاند: "ئەوروپا تەنها قسە دەکات لەسەر ئێران بەڵام بە کردەوە هیچی نەکردووە".

مەهدی دەشڵێت: "یەکێتی ئەوروپا دەتوانێت لە رێگای رێکخراوی بازرگانی جیهان ( دەبلیو تی ئۆ) پەیوەندی ئابووری خۆی لەگەڵ ئێران بپارێزێت".

ئۆستریا (نه‌مسا) یەکێکە لە وڵاتە نزیکەکان لە ئێران، ئەگەر هەنگاو بنێت لەناو چوارچێوەی یەکێتی ئەوروپادا، دەتوانێت باری سەر شانی ئێران کەمێک سووکتر بکات.

گرنگی ئەوروپا بۆ پرسی ئێران

چین گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانە، بە دوایدا هیندستان، کۆریای باشوور و تورکیا دێت. لەناو ئەوروپادا، تەنها ئیتاڵیا کڕیارێکی باشی نەوتی ئێرانە.

هەروەها بازرگانی ئەوروپا لەگەڵ ئێران تەنها چەند ملیار دۆلارێکە ساڵانە. بۆ نموونە لە ساڵی 2013، بە بوونی سزا ئابورییەکانی سەر ئێران، ئەوروپا بە بڕی 1.1 ملیار دۆلار کاڵای ئێرانی هاورده‌ کردووە، بەڵام لە ساڵی 2016 و دوای هەڵگرتنی سزا ئابورییەکانی سەر ئێران ئەو بڕە بۆ 5.8 ملیار دۆلار زیادی کرد.

ئەم بڕە پارەیەش رەنگە ئەو هەموو کۆمپانیا ئەوروپییانه‌ رازی نەکات بە رووبەرووبوونەوەی ئەمەریکا و کارکردن لە ئێران.

تەواوی ئەم هۆکارانەش وادەکەن کە بگوترێت، سەردانی رۆحانی بۆ ئەوروپا کاریگەرییه‌كی ئەوتۆی نابێت.