یاسایه‌ك سنووری بۆ چه‌كی بێ مۆڵه‌ت دانا

بزانە ئەم وڵاتە چۆن خۆی لە چەکی بێ مۆڵەت رزگارکرد

K24 - هه‌ولێر:

یەکێک لەو وڵاتانەی بەدەست زۆری و بێ مۆڵەتی چەکەوە دەیناڵاند و ئاستی کوشتن تیایدا بەربڵاوبوو، توانی لە رێگای یاسایەک چارەسەر بۆ ئەو دیاردەیە بدۆزێتەوە.

له‌ ئوستورالیا پێش ساڵی 1996، کوشتن بە چەکی بێ مۆڵەت بە تەواوی ببووە دیاردە، بەجۆرێک لە ماوەی چەند ساڵێک، 14 رووداوی رەشەکوژی بە کۆمەڵ ئەنجامدرا کە لە رووداوێکیاندا 34 هاوڵاتی کوژران و 24 دیکەش برینداربوون.

بەڵام لە ساڵی 1996، حکوومەتی ئوسترالیا یاسایەکی بە ناوی رێککەوتنی نیشتیمانی چەکی گەرم (ئێن ئێف ئەی) پەسەند کرد و بەگوێرەی توێژینەوەیەکی هەردوو توێژەران ئلێنا ئەندرێیڤا و بێنیامن ئۆکێرت کە لە پێگەی ئەلیکترۆنی ئیندیپێندتی بەریتانی بڵاوکراوەتەوە، رێژەی تاوان بە چەک لە ئوستڕالیا 60% کەمی کردووە.

 بەگوێرەی یاساکە، هەرکەسێک بیەوێت چەک بکڕێت، دەبێت 28 رۆژ چاوەڕوان بێت تا مۆڵەتی پێدەدرێت، لە ماوەی ئەو 28 رۆژەش، حکوومەت لێکۆڵینەوە لە کەسایەتی و مێژووی تاوانی ئەو کەسە دەکات.

هەروەها جگە لە دەمانچە و چەکی بچووک، هەرکەسێک بیەوێت چەک بکڕێت دەبێت بیسلەمێنێت کە تەنها مەبەستی لە کڕینی چەک پاراستنی خۆیەتی و لە کاتی پێدانیشی دەبێت چەندین رێکار لەبەرچاو بگرێت.

هەر بە گوێرەی یاساکە، هەر کەسێک تەواوی مەرجەکانی  بۆ خاوەندارێتی چەک تێدانەبێت، ئەوا دەبێت چەکەکەی بفرۆشێتەوە به‌ حکوومەت. ئەمەش وایکرد حکوومەتی ئوسترالیا بە بڕی 230 ملیۆن دۆلار، 650 هەزار چەک لە هاوڵاتیان بکڕێتەوە.

ئوسترالیا دەکرێت وەک نموونە بەکاربهێندرێت بۆ ئەو وڵاتانەی چەکی بێ مۆڵەت تێیاندا بۆتە هۆکاری کوشتن و تاوان. لە هەرێمی کوردستانیش، لە ماوەکانی رابردوو، چەندین حاڵەتی کوشتن بە چەک تۆمارکراوە و حکوومەتیش پلانی هەیە چارەسەرێک بۆ ئەو کێشەیە بدۆزێتەوە.