سولەیمانی ئامادەی جێبەجێکردنی هەڕەشەیەکی سه‌رۆك كۆماره‌

"دەستەکانت ماچدەکەم بۆ ئەو بڕیارە ژیرانەیەت"

K24 - هه‌ولێر:

حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران، هەڕەشەی وەستاندنی هەناردەی تەواوی نەوتی دراوسێکان و ناوچەکە دەکات ئەگەر بێت و ئەمەریکا کڕینی نەوتی ئێران قەدەغە بکات، سوپای پاسدارانیش پشتگیریی ئەو هەڵوێستەی رۆحانی دەکەن.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، دوێنی سێشەممە(03/07/2018)، حەسەن رۆحانی لە میانی سەردانی بۆ چەند وڵاتێکی ئەوروپا رایگەیاندووە: "لە ئەگەری راگرتنی کڕینی نەوتی تاران لە لایەن وڵاتانی جیهانەوە، ئەوانیش رێگری لە هەناردەی نەوتی وڵاتانی دراوسێیان دەکەن".

لای خۆیەوە قاسم سولەیمانی، فەرمانداری فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران ، لە نامەیەکدا بۆ رۆحانی کە ئاژانسی هەواڵی (ئیرنا) بڵاویکردۆتەوە نووسیویەتی: " دەستەکانت ماچدەکەم بۆ ئەو قسە ژیرانەت. من لەخزمەتتدام بۆ جێبەجێکردنی هەر یاسایەک کە خزمەت بە کۆماری ئیسلامی بکات".

رەنگە رۆحانی مەبەستی لەو هەڕەشەیە داخستنی گەرووی هورموز بێت کە تاکە رێگای کەشتییە نەوتییەکانی سعودییە،عێراق، ئیمارات و قەتەرە بۆ گەشتن بە دەریایی ئازادی عەرەبی و لەوێیشه‌وە بۆ بازاڕەکانی جیهان.

ئەمەریکا نیازی هەیە لە چەند مانگی داهاتوو، سزا ئابورییەکانی سەر ئێران کە قەدەغەکردنی کڕینی نەوتی ئێرانیش دەگرێتەوە، بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.