"ژماردنەوەی دەنگەكان ھەندێك لایەن ئیحراج دەكات"

داوا دەكرێت ھەموو دەنگەكانی سلێمانی بە دەست ھەژمار بكرێنەوە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بڕیارە لەم ھەفتەیەدا، ئەو سندووقانەی سكاڵایان لەسەرە لە سلێمانی دەنگەكانیان بە دەست ھەژماربكرێنەوە، لایەنە ناڕازییەكانیش رایدەگەیەنن، ئەگەر ھەموو دەنگەكانی سلێمانی بە دەست نەژمێردرێنەوە ھەڵوێستی دیكەیان دەبێت. چاودێرێكی سیاسیش دەڵێت، ژماردنەوەی دەنگەكان بە دەست لایەنە ناڕازییەكانی ئیحراج كردووە، چونكە گۆڕانكاری گەورە لە ئەنجامەكان روونادات.

لەوبارەوە تیشکۆ رەئوف، ھەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان بە كوردستان24 راگەیاند: "گۆڕان داوای ھەژماركردنەوەی سەرجەم دەنگەكانی كردووە لە ھەموو عێراق لەنێویشیاندا دەنگەكانی شاری سلێمانی و كەركووك و ھەولێر و دھۆك".

ئەو لایەنانەنی چاودێرەكانیان لە پرۆسەی دووبارە جیاکردنەوەو ھەژمارکردنەوەی دەنگەکان لە كەركووك كشاندەوە، ئامادەنین ھیچ روونکردنەوەیەك بۆ دەنگدەر و لایەنگرانیان بدەن، چاودێرێكی سیاسی پێیوایە دەرەنجامی ھەڵبژاردنەکان راستبوون، بۆیە ئەگەر دووبارە دەنگەکان بە دەستی بژمێردرێتەوە گۆڕانکاری گەورە روونادات.

عەدالەت عەبدوڵڵا، چاودێری سیاسی دەڵێت: "ئەو ئەنجامانەی كە پێشتر كۆمسیۆن رایگەیاندبوو، راستبوون، دوای ژماردنەوەی دەنگەكان گۆڕانكاری گەورە روونادات، ئەمەش ئیحراجییەكی بۆ ئەو ھێزە سیاسیانە دروستكردووە، كە پێیانوابوو ساختەكاری زۆركراوە، لەو ماوەیەدا سەقفی رەخنەگرتنیان زۆر بەرزكردبووەوە، گەیشتبووە رادەی تەخوینكردنی ھێزەكانی دیكە لە كوردستان".

 

بڕیارە سێ شەمەی داھاتوو 10/7/2018، ھەژماركردنەوەی دەنگی ئەو سندووقانەی تانەیان لێدراوە لە سلێمانی دەنگەكانیان بە دەست بژمێردرێنەوە.

لەسنووری پارێزگای سلێمانی لەکۆی 3018 وێستگەی دەنگدان بڕیارە تەنھا لە 485 سندووقی دەنگەکانی بەشێوەی دەست جیابکرێنەوە وبژمێردرێنەوە، ئەوەش لایەنە ناڕازییەکانی ئەوەندەی دیکە لەھەڵبژاردنەکە بێ ئومێدکردووە.

ھ.م