پارته‌ نه‌ژادپه‌رسته‌كه‌ له‌ناو ماڵی كوردان گه‌شه‌ ده‌كات

بۆچی لە باکووری کوردستان دەنگی کورد بۆ تورک چووە؟

K24 - هه‌ولێر:

ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی 24ـی حوزەیرانی تورکیا چاوەڕەواننەکراو بوو، سەرکەوتنی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، نەبوو، بەڵکو زیادکردنی دەنگی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپه‌رستی تورکیا (مەهەپە) و کەمکردنی دەنگی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بووه‌ لە ناوچە کوردییەکان.

مەهەپە وەک پارتێکی نەتەوەپەرستی تورک، دژی چەند مافێکی کورد لە رابردوودا وەستاوەتەوە، لەکاتێکدا دڵی دەنگدەرانی هەدەپە، کوردەکانە. پێگەی ئەلیکترۆنی ئەلمۆنیتەر، راپۆرتێکی شیکاریی لەبارەی ئەو ئەنجامە چاوەڕواننەکراوەی شارە کوردییەکان بڵاوکردەوە.

زیادکردنی دەنگەکانی مەهەپە لە شارە کوردییەکان بە بەروارد بە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2015 بەم جۆرەیە:

وان: 6 هەزار و 348 دەنگ بۆ 16 هەزار و 240 دەنگ.

مووش: دوو هەزار و 708 دەنگ بۆ 7 هەزار 51 دەنگ.

دیاربەکر: 6 هەزار و 619 دەنگ بۆ 11 هەزار و 965 دەنگ.

شاری مێردین: 3 هەزار و 701 دەنگ بۆ 10 هەزار و 426 دەنگ.

شیرناخ: 3 هەزار و 81 دەنگ بۆ 9 هەزار و 368 دەنگ.

سێرت: دوو هەزار 379 دەنگ بۆ 5 هەزار و 312 دەنگ.

مەهەپە هیچ هەوڵ و بەرنامەیەکی تایبەتی بەو شارانە نەبووە، تەنانەت سەردانیشی نەکردوون. بەهار کیلیچ گدیک، رۆژنامەنووس لە شاری دیاربەکر، لەو بارەیەوە بە ئەلمۆنیتەری گووت: "باخچەڵی(سەرۆکی مەهەپە) هەرگیز نەهاتووە بۆ ئەم ناوچانە، وە هیچ کەمپینێکی بەرچاوی لێرە ئەنجام نەداوە. تەنانەت چالاکی لقەکانی مەهەپەش لێرە بوونیان نەبوو. تاکە شت لێرە دەتدیت، چەند پۆستەرێکی باخچەلی بوو".

کەمال جان، توێژەر و نووسەر، لە لێدوانێکیدا، زیادکردنی دەنگەکانی مەهەپە لە شارە کوردییەکان بۆ زیادکردنی ژمارەی هێزە ئەمنییەکان و کاریگەری بیرۆکراسی ئەمنی لەو ناوچانە دەگەڕێنێتەوە.

کەمال جان لەبارەی دیاریکردنی ئەو دوو هۆکارە دەڵێت: " داتاکان وا نیشان دەدەن، مەهەپە دەنگی لەنێوان هێزە ئەمنییەکان زیادی کردووە. ئەمە بەشێکی هۆکاری زیادکردنی دەنگی مەهەپەیە لەو ناوچانە".

ئەو نووسەرە پێشیوایە، ئەو کوردانەی لە ناوچە کوردییەکان بەناوی "پارێزەری گوندەکان'' کاریان بۆ دەزگا ئەمنییەکان دەکرد کاریگەریان لەسەر ئەنجامی دەنگەکان هەبووە چونکە ئەوان " سندوقەکانی دەنگدانییان لەژێر دەستبووە و کۆنترۆڵیان کردوون. ئەوان رەنگە لەبەرژەوەندی مەهەپە رۆڵیان گێڕابێت".

بۆ هەدەپە، رووکردنە مەهەپە لە لایەن کوردەکانەوە، جێگای پرسیارە و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو راپۆرتی خۆیان لەو بارەیەوە بڵاوبکەنەوە.

هەدەپە پێی وایە هێشتا زیادکردنی ژمارەی دەنگەکانی مەهەپە نەبۆتە مەترسی لەسەر هەدەپە، لای خۆشیەوە، ئەیهان بیلگێن، وتەبێژی هەدەپە رایگەیاند: "ئەوان (مەهەپە) تەنها لە هەکاری توانییان کاندیدێکیان سەربخەن، ئەمەش بەهۆی هێنانی هێزی ئەمنی زۆرە بۆ ئەو ناوچەیە. هۆکارێکی دیکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، هیچ سیستمێک نییە رێگری لە دووبارە دەنگدانی ئەو هێزە ئەمنیانە بکات".

ئەگەرچی هەدەپە توانی بچێتە پەرلەمان و بەربەستی 10% تێبپەرێنێت، بەڵام دەنگەکانی بەو جۆرە نەبوو کە خۆی هیوای بۆ دەخواست. ئەمەش جیا لەو هۆکارانەی پێشووتر باسکران، بۆ وێرانکردنی شارە کوردییەکانیش دەگەڕێتەوە.

بەهۆی ئۆپەراسیۆنە جیاوازەکانی سوپای تورکیا لە شارە کوردییەکان، هەزارەها هاوڵاتی ئاوارەبوون و لە ناوچەکانیان دوور کەوتونەتەوە، بەڵام تەنها بۆیان هەیە لە ناوچەکانیان دەنگبدەن. هەروەها زۆربەی دەنگە بەتاڵکراوەکان، دەنگی هەدەپە بوون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەلمۆنیتەر، 300 هەزار دەنگی هەدەپە بەتاڵکراونەتەوە لە کاتێکدا ئەردۆغان بە جیاوازی 700 هەزار دەنگ توانی بە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکان سەربکەوێت.

زیادکردنی دەنگەکانی ئه‌کەپە و مەهەپە لە ناوچە کوردییەکان، ژیانی کوردەکان باشتر ناکات، بەڵکو زیاتر دەنگی نەتەوەپەرستی بەسەریاندا زاڵ دەکات، بۆ ئەمەش مێژووی دەنگدانی تورکیا شاهێدە.