خۆپیشاندەرانی بەسڕە رێگای ئوم قەسریان داخست
K24 – ههولێر:
سهدان خۆپیشاندەر لە پارێزگای بەسڕە، رێگای سەرەکی بەندەری ئوم قەسرییان داخست و داوای هەلی کار و خزمەتگوزاری زیاتر دەکەن.
یەکێک لە کرێکارەکانی بەندەرەکە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بەم جۆرە باس لە رەوشی ناوچەکە دەکات: "ئەوان (خۆپیشاندەران) رێگای هاتنە ژوورەوەی بەندەرەکەیان داخستووە و بارهەڵگرەکان هیچ رێگایەکیان نییە کە پێدا هاتووچۆن بکەن. بەرپرسانی بەندەرەکە پێیان گوتووین بچینە ماڵەوە".
محەمەد جەبار، دەرچوویەکی زانکۆی بێکار کە یەکێکە لە خۆپیشاندەرەکان، لە باسی هۆکاری خۆپیشاندانەکان رایگەیاند: "ئەگەر ئەوان هەلیکار دروست نەکەن و خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا چاک نەکەن، ئێمە بەرهەمی نەوتی بەسڕە دەوەستێنین".
ماوەی پێنج رۆژە خۆپیشاندانەکانی بەسڕە بەردەوامە، بەهۆیەوە خۆپیشاندەرێک گیانی لەدەستداوە و 14ی دیکەش برینداربوون.
لای خۆیشیەوە، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ بەرپرسانی شارەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە گفتوگۆدایە.
ئهمڕۆ.. خۆپیشاندان له بهردهم ئهنجوومهنی پارێزگای بهسره
H.J