تره‌مپ دژی یه‌كێتی ئه‌وروپا رێگای دادگا نیشانی بریتانیا ده‌دات
K24 - هه‌ولێر:
تێریزا مه‌ی، سه‌رۆكوه‌زیرانی بریتانیا ده‌ڵیت: "دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا پێی گوتووم، بۆ سه‌رخستنی ده‌رچوونی بریتانیا له یه‌كێتی ئه‌وروپا، ده‌بێت رووبه‌ڕووی دادگایان بكه‌یته‌وه".
له میانی پرۆگرامێكی كه‌ناڵی بی بی سی، سه‌رۆكوه‌زیرانی بریتانیا گوتوویه‌تی: "تره‌مپ گووتی، یه‌كێتی ئه‌وروپا ببه‌ره به‌رده‌م دادگا، له بری دانووستان، به دادگا یه‌خه‌یان بگره. به‌ڵام نه‌خێر ئێمه دانووستان ده‌كه‌ین".
له وه‌ڵامی قسه‌كانی دۆناڵد تره‌مپ كه گوتبووی رێگای سه‌ركه‌وتنم بۆ ده‌رچوونی بریتانیا له یه‌كێتی ئه‌وروپا نیشانی سه‌رۆكوه‌زیرانی بریتانیا داوه، تێریزا مه‌ی بێ ئه‌وه‌ی پێشنیازه‌كه‌ی تره‌مپ ئاشكرا بكات گوتوویه‌تی: "ئه‌و رێگایه زۆر تونده، به‌ڵام له‌وانه‌یه رۆژێك په‌نای بۆ ببه‌ین ئه‌گه‌ر هاتوو له‌سه‌ر ده‌رچوونمان نه‌گه‌یشتینه رێككه‌وتن. له‌وانه‌یه په‌نا بۆ پێشنیازه‌كه‌ی ببه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ش هه‌روا ئاسان نییه".
تره‌مپ له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی زه سه‌نی بریتانی، ئاماژه‌ی به‌وه‌كردبوو، ئه‌گه‌ر له شوێنی تێریزا مه‌ی بوومایه، به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز دانووستانم ده‌كرد، به تێریزام گوتووه چۆن ده‌توانێت ئه‌و كاره بكات به‌ڵام له‌گه‌ڵم هاوڕا نه‌بووه".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی، سه‌رۆكوه‌زیرانی بریتانیا په‌یڕه‌وی له نه‌خشه و پلانێك ده‌كات كه له‌گه‌ڵ ده‌نگدانی بریتانییه‌كان بۆ ده‌رچوون له یه‌كێتی ئه‌وروپا یه‌كناگرێته‌وه.
دۆناڵد تره‌مپ یه‌كێتی ئه‌وروپا وه‌ك دوژمنی ئه‌مه‌ریكا ته‌ماشا ده‌كات و له گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی CBS News گوتوویه‌تی: " رووسیا و یه‌كێتی ئه‌وروپا و چین دوژمنمانن".
پێش ئه‌وه‌ی به‌ره‌و هێلسینكی پایته‌ختی فینله‌ندا بۆ دیداری ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكی رووسیا بكه‌وێته رێ، تره‌مپ له دیداری كه‌ناڵه ته‌له‌ڤزیۆنییه‌كه‌ی سكوتله‌ندا گوتوویه‌تی: "پێموایه دوژمنانمان زۆره، یه‌كێتی ئه‌وروپا دوژمنه، بزانه له بواری بازرگانیدا چی پێكردووین، له‌وانه‌یه بیرت بۆ یه‌كێتی ئه‌وروپا نه‌چێت، به‌ڵام دوژمنن، رووسیاش له هه‌ندێك گۆشه‌وه دوژمنه، چین دوژمنی ئابوورییمانه، بێگوومان ئه‌وانه دژمنی ئه‌مه‌ریكان".