شیعه‌كانی باشووری عێراق به‌گژ ئێران‌دا ده‌چنه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
جاری یه‌كه‌مه خۆپیشاندانی فراوان له ناوچه‌كانی باشووری عێراق كه زۆرینه‌یان شیعه‌ن به‌ڕێوه ده‌چێت، ئه‌وه‌ش په‌یامێكی روونه بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ئێران له كاروباری ناوخۆیی عێراق و ناڕه‌زایه‌تییه‌كی تونده به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته‌كانی تاران له ناوچه‌كه‌دا.
خۆپیشاندان و توڕه‌یی خه‌ڵك زیادیكردووه‌و جگه له به‌سره پارێزگاكانی دیكه‌ی باشووریشی گرتووه‌ته‌وه، هه‌ر چه‌نده داوای دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان و ئاو و كاره‌با و كار ده‌كه‌ن. به‌ڵام خۆپیشانده‌ره توڕه‌كان وێنه‌ی سه‌ركرده و رێبه‌رانی ئێرانیشیان له پارێزگای به‌سره سووتاندووه و سه‌ركۆنه‌ی ده‌ستوه‌ردانه‌كانی تارانیان كردووه.
به‌گوێره‌ی چه‌ند وێنه و گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی كه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوكراونه‌ته‌وه، ژماره‌یه‌ك خۆپیشانده‌ر وێنه‌یه‌كی گه‌وره‌ی "ئیمام خومه‌ینی" كه له یه‌كێك له شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كانی به‌سره هه‌ڵواسرابوو سووتاندووه و به درووشمی "ئێران بۆ ده‌ره‌وه، به‌سره به ئازادی ده‌مێنێته‌وه" له ده‌وری ئاگره‌كه كۆبوونه‌ته‌وه.
پێش زیاتر له هه‌فته‌یه‌ك كه خۆپیشاندانه‌كان ده‌ستیانپێكرد، خۆپیشانده‌ران په‌لاماری باڵه‌خانه حكوومییه‌كان و باره‌گای پارته سیاسییه‌كان و گرووپه شیعییه چه‌كداره‌كانیشیاندا و چوونه ناو فڕۆكه‌خانه‌ی نه‌جه‌فیشه‌وه.
باره‌گای رێكخراوی به‌دری هادی عامری كه له ئێران دامه‌زراوه كه‌وته به‌ر هێرش و تووڕه‌یی خه‌ڵك، ھێرشكرایه سه‌ر میلیشیای عه‌سائیبی ئه‌هلولحه‌ق كه سه‌ر به ئێرانن. جگه له‌وه‌ش باره‌گاكانی حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی و ره‌وتی حیكمه به رێبه‌رایه‌تی عه‌مار حه‌كیم كه‌وتنه به‌ر تووڕه‌یی خه‌ڵك.
شیعه‌كان هه‌ژموونی ئێران ره‌تده‌كه‌نه‌وه
وائیل عه‌بدوللـه‌تیف كه پێشتر په‌رله‌مانتار بووه له‌سه‌ر به‌سره ده‌ڵێت: "سووتاندنی وێنه‌ی خومه‌ینی و خامنه‌یی و په‌لاماردانی باره‌گاكانی ئه‌و ھێز و لایه‌ن و گرووپه چه‌كدارانه‌ی له ئێرانه‌وه نزیكن، ئاماژه‌یه‌كی روونن كه خه‌ڵكی باشووری عێراق ده‌ستوه‌ردان و هه‌ژموونی ئێران ره‌تده‌كه‌نه‌وه له هه‌موو عێراقدا به‌گشتی و به‌سره به‌تایبه‌تی".
هه‌روه‌ها ئه‌و نوێنه‌ره‌ی پێشووی به‌سره به كه‌ناڵی ئه‌لحوڕه‌ی گوتووه: "دوو ره‌وتی ناكۆك له به‌سره و ناوچه‌كانی دیكه‌ی باشووری عێراق هه‌ن، ره‌وتێكیان سه‌ر به ئێرانن و نوێنه‌رایه‌تی هێزه سیاسی و گرووپه چه‌كداره‌كان ده‌كه‌ن كه باوه‌ڕیان به "ویلایه‌تی فه‌قیھـ" هه‌یه و تاران پاڵپشتیان ده‌كات و چه‌ك و پاره‌یان ده‌داتێ. ره‌وتی دووه‌میش ره‌وتێكی میللی عێراقییه و هاوسۆزی مه‌رجه‌عییه‌تی نه‌جه‌فن و بیرۆكه‌ی "ویلایه‌تی فه‌قیھـ" ره‌تده‌كه‌نه‌وه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه ئێستا ره‌وتی یه‌كه‌م به‌هۆی ئه‌وه‌ی چه‌ك و پاره‌یان له ده‌سته زۆرینه‌ن له‌و ناوچانه‌دا".
رۆژی 10ـی ته‌مووز خۆپیشاندان له به‌سره‌وه ده‌ستیپێكرد، پاشان گواسترایه‌وه بۆ چه‌ند شارێكی دیكه‌ش. به‌هۆی ته‌قه‌ی هێزه ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی عێراقیش ده‌یان كه‌س كوژراوون و بریندار بوون. ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق خزمه‌تگوزاریی ئینته‌رنێتی له ته‌واوی عێراق بڕی و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشی بلۆككرد بۆ ئه‌وه‌ی وێنه و ڤیدیۆ و په‌یامی خۆپیشانده‌ران بڵاونه‌بنه‌وه.
ئه‌حمه‌د شێخ ماجد، نووسه‌ر و میدیاكاری عیراق ده‌ڵێت: "خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م دواییه و درووشمه به‌رزكراوه‌كانی ئه‌و هێڵه پیرۆزه‌ی به‌زاند كه تاران و هێزه هاوپه‌یمانه‌كانی له عێراق به دووری سه‌ركرده و رێبه‌راكانی ئیران‌دا كێشابووییان".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "زۆرینه‌ی عێراقییه‌كان ئێستا هه‌ست ده‌كه‌ن ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ئێران هۆكاری سه‌ره‌كی نه‌هامه‌تییه‌كانی عێراقه له ساڵی 2003 تا ئێستا".
خۆپیشاندانه‌كان به‌هۆی ئێرانه‌وه سه‌ریانهه‌ڵداوه
له‌م دواییانه‌دا ئێران ئه‌و ته‌زووه كاره‌بایه‌شی بڕی كه وه‌ك پاڵپشتی بۆ وزه‌ی عێراق ده‌ینارد و به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پارێزگای به‌سره پشتی پێده‌به‌ست. ئێران پاساوی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما بووه ده‌ڵێن، وێستگه‌كان ناتوانن پێداویستی ناوخۆیی دابین بكه‌ن.
به‌و هۆیه‌شه‌وه كاتژمێره‌كانی پێدانی كاره‌با له به‌سره كه‌میكرد و گه‌یشته 4 تا 6 كاتژمێری رۆژانه، له كاتێكدا پله‌كانی گه‌رما له به‌سره و ناوچه‌كانی دیكه‌ی باشوور 50 پله‌ی تێپه‌ڕاند.
ساڵانێكه عێراق كاره‌با له ئێران ده‌كڕێ، چونكه وێستگه‌كانی وڵاته‌كه توانای دابینكردنی كاره‌بای پێویستیان بۆ هاووڵاتیان نییه. هه‌رچه‌نده له ساڵی 2003ـه‌وه ملیاره‌ها دۆلار به‌ناوی دامه‌زراندنی وێستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌باوه خه‌رجكراوه.
كێشه‌ی ئاو
ساڵانێكیشه شاری به‌سره به‌ده‌ست كێشه‌ی جۆری ئاوی خواردنه‌وه‌وه ده‌ناڵێنێ، زۆربه‌ی كات ئاوه‌كه‌یان زۆر سوێره، چونكه هه‌ندێك جار ئاوه سوێره‌كه‌ی كه‌نداو تێكه‌ڵی شه‌تولعه‌ره‌ب ده‌بێت و ئه‌وه‌ش به‌هۆی دابه‌زینی ئاوی رووباره‌كانی دیجله و فوراته‌وه رووده‌دات.
ئێران یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی زۆرێك له‌و سه‌رچاوه ئاوییانه‌ی گرتووه‌ته‌وه كه ده‌ڕژێنه ناو رووباری دیجله و به‌نداوی له به‌رده‌مدا درووستكردوون پێش ئه‌وه‌ی بگه‌نه سنووری عێراق و ته‌نانه‌ت هه‌وڵیداوه ئاراسته‌ی هه‌ندێك له‌و چه‌م و رووبارانه‌یش بگۆرێ و بیاباته‌وه ناو خاكی ئێرانه‌وه.
وائیل عه‌بدوللـه‌تیف ده‌ڵێت: "زۆرینه‌ی خه‌ڵكی به‌سه‌ر پێیانوایه ئێران هۆكاری سه‌ره‌كی پچڕانی كاره‌با و ئاوه له پارێزگاكه".
وڵاتانی كه‌نداو دێنه سه‌ر هێڵ
له به‌رامبه‌ردا حكوومه‌تی عێراق ناچار بووه هه‌نگاو به ئاراسته‌ی دراوسێكانی باشووری وڵات بنێت بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ره‌بووی كه‌می وزه بكاته‌وه كه دراوسێكه‌ی رۆژهه‌ڵاتی بۆی درووستكردووه.
له‌وباره‌یه‌وه به‌غدا رایگه‌یاندووه: "شاندێكی باڵا كه وه‌زیره‌كانی پلاندانان و نه‌وت و گواستنه‌وه‌ی تێدایه ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 18/7/2018 سه‌ردانی شانشینی سعوودییه ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی باسی دۆسێی وزه و چه‌ندین پرسی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به كاراكردنی گواستنه‌وه‌ی زه‌مینی و ئاسمانی له نێوان هه‌ر دوو وڵات‌دا بكه‌ن.
لای خۆیه‌وه ده‌وڵه‌تی كوه‌یتیش پێشتر ئاماده‌یی بۆ هاوكاریكردنی عیراق ده‌ربڕیوه تا بتوانرێت ئه‌و بارودۆخه ناهه‌مواره تێپه‌ڕێنریت.
چاودێران پێیانوایه پێویسته عێراق ئه‌و كرانه‌وه‌یه‌ی وڵاتانی كه‌نداو بقۆزێته‌وه تا چاره‌سه‌ری ئه‌و كه‌موكورتی و قه‌یران و كێشه كه‌ڵه‌كه‌بووانه‌ی پێبكات كه به‌رۆكی خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ی گرتووه، چونكه سعوودییه ئاماده‌یه به‌شێكی زۆری كێشه‌ی كاره‌بای به‌سره به‌تایبه‌تی چاره‌سه‌ر بكات و جارێكی دیكه عێراق بۆ كاره‌با پشت به ئێران نه‌به‌ستێته‌وه".