سائيرون: ئێمه‌ حكومه‌ت پێكده‌هێنين و له‌گه‌ڵ كورد و سوننه‌ له‌يه‌ك نزيك بووينه‌ته‌وه‌

كێشەی زۆرمان لەگەڵ دەوڵەتی یاسا ھەیە
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

ھاوپەیمانی سائيرون سووربوونی خۆی لەسەر پێكھێنانی حكومەتی داھاتوو دووپاتدەكاتەوە.

محەممەد رەشك، سەركردە لە ھاوپەیمانی سائيرون كە موقتەدا سەدر رێبەرایەتی دەكات، رایگەیاند، كێ زۆرترین كورسییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەدەستھێناوە، مافی پێكھێنانی حكومەتی ھەیە، نەوەك ھاوپەیمانییەكانی دیكە.

ئەو ئەندامەی سائيرون، رەتیكردەوە، شكستییان ھێنابێت لە گفتوگۆكانیان بۆ پێكھێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی و گوتی: كێشەی زۆرمان لەگەڵ دەوڵەتی یاسا ھەیە، بەتایبەت لەبارەی پێكھێنانی حكومەتەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، پێشكەوتنی بەرچاو لە دانوستانەكانیان لەگەڵ بەشێك لە لایەنەكانی كورد و سوننە بەدیھاتووه‌.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، سوننەكان لەسەر كاندیدكردنی كەسێك بۆ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران هێشتا نه‌گه‌يشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن.

حامد موتڵەگ، پەرلەمانتاری پێشووی ھاوپەیمانی وەتەنیە رایگەیاند، تا ئێستا سوننەكان نەیانتوانیووە لەسەر كاندیدكردنی كەسێك بۆ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران یەكلاببنەوە، ئەو ھەواڵانەی باس لە دەستنیشانكردنی سەلیم جبوری دەكەن راست نین.

بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار، ئەو ناوانەی كە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان ئاشكران بریتین لە، سەعدون دلێمی، سەلیم جبوری، محەممەد حەلبوسی و تەڵاڵ زەوبەعی.

له‌ لايه‌كى ديكه‌وه‌، بەهۆی توڕەیی شەقامەوە ئێستا لایەنەکان قسەی کەمتر لەسەر پێکهێنانی حکومەت دەکەن، بەڵکو چاویان لە دامرکاندنەوەی توڕەبوونی شەقامه، بۆ هاووڵاتیانیش ئێستا پرسی پێکهێنانی حکومەت وەك جاران بابەتێکی گرنگ نیە،  چونکه داخوازيیەکانیان لە رابردوودا جێگەی نەبووه‌تەوە.

لایه‌نه‌ سیاییه‌كانی كوردستانيش پێكهێنانی حكومه‌تی رزگاری نیشتمانی كه‌ به‌شێكی لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان داوای ده‌كه‌ن، ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و ئه‌م هه‌نگاوه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوور و یاسا ده‌زانن.

له‌ باره‌ی ئه‌و پرسه‌وه‌، ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی رايگه‌ياند، پێویستە ھەموو لایەنە سیاسیيەکانی کوردستان، پێکھێنانی حکومەتی رزگاری نیشتمانی بۆ عێراق رەتبکەنەوە، چونکە ئەو حکومەتە لە بەرژەوەندی کورد نابێت، لایەنە ناڕازيیەکانیش، پێکھێنانی حکومەتێکی لەو شێوەیە بە پێچەوانەی دەستوور دەزانن.

ئ.ڕ