تورکیا پەرتوکێک لەبارەی مێژووی کوردستان قەدەخەدەکات

"دەزگای ئاڤێستا بەرهەمیهێناوە و لە رووسیەوە بۆ تورکی وەرگێڕدراوە"

K24 - هه‌ولێر:

دادگای تورکیا پەرتوکێک بەناوی "کوردستان تاریخی" (مێژووی کوردستان) کە لەلایەن دەزگای چاپی ئاڤێستا بەرهەمهێندراوە قەدەخەدەکات.

ئەو پەرتوکە سوودی لە چەند سەرچاوەیەکی رووسی وەرگرتووە بۆ باسکردنی مێژووی کورد، لە لایەن سەنتەرێکی کوردی بۆ زمانی تورکی وەرگێڕدراوە.

بە گوێرەی سایتی گازێتی دوڤار، کاتێک لە ساڵی 2000،  بۆ یەکەمینجار ئەو پەرتوکە بڵاوکرایەوە، راستەوخۆ قەدەخەکرا، بەرپرسی ئەو سەنتەرەی کاری وەرگێڕانی بۆ کتێبەکە کردبوو دەستگیرا و بە بڕە پارەیەک سزادرا، بەڵام لە هەمان ساڵ، سەنتەرەکە تانەی لە بڕیارەکەی دادگا دا، توانی دۆسییەکە بباتەوە و پەرتوکەکە بڵاوبکاتەوە.

عەبدوڵا کێسکین، سەرۆکی دەزگای چاپی ئاڤێستا، دەڵێت، ئەوان رۆژی چوارشەممە لە لایەن پۆلیسەوە لە بڕیاری قەدەخەکردنی چەند پورتوکێک ئاگادارکراونەتەوە بە بێ ئەوەی هیچ فەرمانێکی دادگایان پێبگات.

دەزگای چاپی ئاڤێستا ماوەی 20 ساڵە لە تورکیا کار دەکات و بەهۆی بڵاوکردنەوەی چەند پەرتوکێک لەسەر کورد، چەند جارێک بەرهەمەکانیان قەدەخەکراوە و کێشەیان بۆ دروستکراوە.

‌H.J